ژمارەیەکیش برینداربوون
لە مانگێکدا چوار کرێکار لە دهۆک لە کاتی کارکردن گیانیان لەدەستداوە
964+
هێڤی دێوالی – دهۆک
لە ماوەی مانگێکدا چوار کرێکار لە سەنتەری پارێزگای دهۆک گیانیان لەدەستداوە و ژمارەیەکیش بریندار بوون.
ئەمڕۆ سێشەممە 19.11.2024 کیڤی بامەڕنی سەرۆکی سەندیکای بیناسازی و پارێزەری سەندیکای کرێکاران – لقی دهۆک بە 964ـی وت، “لە سەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا پێنج کرێکار لە کاتی کارکردن گیانیان لەدەستداوە کە چوار حاڵەتیان لە ماوەی مانگێکدا و لە بەرواری 18.10.2024 تا 18.11.2024 روویانداوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، کاتێک حکومەتی هەرێم و بەڕێوەبەرایەتی وەبەرهێنان پڕۆژە دەدەنە خاوەنکارێک، بەپێی هەموو رێنماییەکان گرێبەست ئیمزا دەکرێت، بەڵام زۆر جار خاوەنکار پابەند نابێت بە رێنماییەکان و ژمارەیەک بەڵێندەر بەکرێ دەگرێت و ئەوانیش بە ئارەزووی خۆیان کار بە کرێکار دەکەن.
“هەندێک لە بەڵێندەرەکان کرێکاری کاتیی و رۆژانە بەکرێ دەگرن و زۆرینەیان گرێبەست لەگەڵ کرێکارەکان ئیمزا ناکەن و بە پێی ڕێنماییەکانی بەشی کار و ئیدارەی دەستەبەری کۆمەڵایەتی ئەو کارە ناکەن”، کیڤی بامەڕنی وای وت.
بەپێی ئاماری سەرۆکایەتی سەندیکای کرێکارانی لقی دهۆک، لە پارێزگای دهۆک 125 هەزار کرێکار هەن و لەو ژمارەیەش نزیکەی 25 هەزاریان کرێکاری بیانین.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری