لە بارزان
بەهۆی تەقینی تایەی بارهەڵگرێک هاوڵاتییەک گیانی لەدەستدا و کەسێکیش برینداربوو
964+
ئاکام غەفور – سۆران
لە سنوری ناحیەی بلێ لە دەڤەری بارزان بەهۆی تەقینی تایەی بارهەڵگرێک، کەسێک گیانی لەدەستدا و کەسێکی تریش بریندار بوو، ئەوەش دووەم کەسە لەمڕۆدا بەوهۆیەوە گیانی سپاردبێت.
رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 18.11.2024 بووە، لە کاتی کارکردن لە غەسالەیەکی سەر روبار، تایەی بارهەڵگرەکە تەقیوەتەوە و بەهۆیەوە کەسێک گیانی لەدەستداوە و کەسێکی تریش بە سەختی بریندار بووە.
ئەمیر نەجات، بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی فێرکاری بلێ بە 964ـی وت، “بەهۆی تەقینی تایەی بارهەڵگرێک کەسێک گیانی لەدەستداوە کە خاوەنی شەش منداڵە و تەمەنی 45 ساڵ بوو، کەسێکی تریش بریندارە”.
وتیشی، بریندارەکە گەنجێکی تەمەن 20 ساڵ بوو، پێویستی بە نەشتەرگەری بوو، لە دوای چارەسەری پێویست لە نەخۆشخانەکەمان بەڕێکرا بۆ نەخۆشخانەکانی هەولێر بەڵام مەترسی لەسەر ژیانی نەبوو.
هەر ئەمڕۆش لە ناوچەی پیشەسازی کەلار، شاگردێک لەکاتی گۆڕینی تایەی ئۆتۆمبێلێکی بارھەڵگر و ھەوا تێکردن، تایەکە پێیدا تەقییەوە و گیانی لە دەستدا.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری