بۆ سەرژمێرییە
قوتابیانی مادەی 140 پشوویانە و تاقیکردنەوەکانیان نافەوتێ
964+
ئەحمەد مستەفا
وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە نووسراوێکی چوار خاڵیدا، پابەندی قوتابخانە حکومی و نێودەوڵەتییەکانی کرد ئاسانکاری بۆ ئەو قوتابی و خوێندکارانە بکەن، کە خەڵکی ناوچەکانی مادەی 140ن و پشوویان پێ بدەن.
پشووەکە لە 16.11.2024 دەستپێدەکات و رۆژی 23.11.2024 کۆتایی دێت، بەبێ ئەوەی تاقیکردنەوەکانیان بفەوتێ.
وەزارەتەکە لەو نووسراوەدا، کە ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە 14.11.2024 واژۆی لەسەر کردووە، پابەندی ناوەندەکانی خوێندنی کردووە، ئاسانکاری بکەن بۆ مامۆستا، فەرمانبەر و قوتابیان تا لە رۆژانی سەرژمێری بگەڕێنەوە ناوچەکانی خۆیان لە سنووری مادەی 140 و لە سەرژمێری بەشداربن.
نووسراوەکە، وەک پشوو مامەڵەکردنی لەگەڵ فەرمانبەر، مامۆستا و خوێندکارەکان داناوە و مەرجی ئەوەشی بۆ قوتابییەکان داوە، پاش تەواوبوونی سەرژمێری لە 23.11.2024 و گەڕانەوەیان بۆ قوتابخانەکانیان، سەرجەم تاقیکردنەوەکانیان بۆ ئەنجام بدرێتەوە.
نووسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە لە کاتێکدایە، حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێوارەی ئەمڕۆ بڵاویکردەوە، هەفتەیەک پشوو دەدەن بە سەرجەم فەرمانبەرانی شارستانی، سەربازی ئەو ناوچەکانی مادەی 140، کە دەوامیان سەر بە هەرێمی کوردستانە.
بە گوێرەی نووسراوێک کە واژۆی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی لەسەرە و ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە، پشووەکە لە 15ی مانگ تا 23ی مانگ دەبێت و بەهۆی بەڕێوەچوونی پرۆسەی سەرژمێرییەوەیە، هەر بەهۆی سەرژمێرییەوە، لە هەرێمی کوردستانیش، رۆژانی 20 و 21ـی ئەم مانگە پشووی فەرمییە و قەدەغەی هاتوچۆش رادەگەیەنرێت.
نوسراوەکەی وەزارەتی پەروەردە: