پێشنیارێک لەلایەن قائیمقامیەتی سلێمانییەوە
دایکان و باوکان لەڕێی مۆبایلەکانیان چاودێری گواستنەوەی قوتابیان بکەن
964+
شۆڕش قادری
پێشنیار کرا بۆ لەمەودوا لە سلێمانی، دایکان و باوکانی قوتابیان بتوانن لەڕێی ئەپلیکەیشن و مۆبایلەکانیانەوە، چاودێری چۆنیەتی گواستنەوەی منداڵەکانیان بۆ قوتابخانە بکەن.
ئیدی گۆرانی و چەپڵەڕێزانی ناو پاسی قوتابیان لە سلێمانی نەما
پاش ئەوەی قائیمقامیەتی سلێمانی لیژنەیەکی پێکهێنا بۆ دانانی کامێرای چاودێری لەنێو پاسی گواستنەوەی قوتابیان، ئەمڕۆ دووشەممە 12.10.2024 ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ بەڕێوبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی و بەڕێوبەری پەروەردەکانی رۆژهەڵات و رۆژئاوای سلێمانی و بەڕێوبەری گواستنەوە و چاودێری بازرگانی و نوێنەری ئاسایش و هاتوچۆ و لیژنەهاوبەشەکان کۆبووەوە.
بەپێی راگەیەنراوێکی قائیمقامیەتی سلێمانی، “لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردراوە لیژنەیەک لە نوێنەری لایەنە پەیوەندیدارەکان پێکبهێنرێت بۆ پێداچونەوە بە رێنماییەکان و هەماهەنگی زیاتری نێوان کۆمپانیاکانی گواستنەوە و قوتابخانەکان و دایک و باوکی قوتابیان”.
هەروەها باس لەچۆنێتی بەکارهێنانی تەکنەلۆژیا کراوە بۆ ئاسانکاری پرۆسەکە و پێشنیارکراوە لەڕێگەی ئەپلیکەیشنێکەوە لەناو مۆبایلدا، دایکان و باوکان و ئیداری قوتابخانەکان، ئاگاداری کات و چۆنیەتی گواستنەوەی قوتابیان بن.
پێشتر دانا عوسمان نوێنەری هاتوچۆ لە قائیمقامیەتی سلێمانی بە 964ـی وتبوو، سکاڵایەکی زۆر هەبووە لەسەر ئەو پاس و تاکسیانەی کاریان گواستنەوەی قوتابیانە، بۆیە بڕیاردراوە لەنێو پاسی گواستنەوەی قوتابیان، کامێرا دابنرێت و نابێت شۆفێران گۆرانی و مۆسیقا لێبدەن لەناو پاسەکانیاندا.