وەزیری تەندروستی هۆکاری بڵاوبوونەوەی سکچوون و رشانەوەکەی شارەزوور دەخاتەڕوو
“هەر تێکەڵبوونی ئاوی پیس هۆکار نییە و رێژەی کلۆری ئاوەکەش کەم بووە”
+964
ژێوار خدر
جگە لە تێکەڵبوونی ئاوی مەزرا بە ئاوی خواردنەوە، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی سکچوون و رشانەوەکە لە شارەزوور، بەکارهێنانی رێژەیەکی کەمی کلۆر بووە لە ئاوی خواردنەوەی قەزای شارەزوور، ئەمە بە قسەی دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێم.
ئەمڕۆ شەممە 9.11.2024، وەزیری تەندروستیی هەرێم لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، کە تایبەت بوو بە بابەتی نەخۆشی سکچوون و رشانەوەکەی قەزای شارەزوور رایگەیاند، لە دوای بەدواداچوونەکانیان بۆ دیاریکردنی هۆکاری بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە، بۆیان دەرکەوتووە لەسەر رووباری بێستانسوور، لێچوونێک هەبووە و ئاوی پیس تێکەڵبووە بە سەرچاوەی ئاوی خواردنەوە.
وتیشی، جگە لەوەی ئەوە یەکێک بووە لە هۆکارەکان، بەپێی بەدواداچوونەکانیان بۆیان دەرکەوتووە، رێژەی کلۆریش لە ئاوی خواردنەوەدا کەم بووە و بە شێویەکی سنووردار بەکارهێندراوە بۆ ئاوی خواردنەوە ماڵان.
روونیشێکردەوە، ئەوان بەدواداچوونیان دەستپێکردووە و لایەنی پەیوەندیدار لەو بابەتە ئاگادار دەکەنەوە.
چوار رۆژە پەتایەكی گەورەی سكچوون و رشانەوە تووشی هاوڵاتیانی قەزای شارەزوور بووە و تا ئێستا بەپێی لێدوانی وەزیری تەندروستی، 1560 حاڵەتی توشبوون بە نەخۆشییەکە لە قەزاکە تۆمار کراوە و لەو ژمارەیەشدا تەنیا 70 حاڵیەتیان تا ئێستا لە نەخۆشخانە ماونەتەوە و رەوشی تەندروستی زۆربەی نەخۆشەکان باشە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە، رێژەی تووشبووانیش روو لە کەمییە بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو.