لەلایەن خۆبەخشانەوە
پڕۆژەى سەوزکردنى گوندى بەستەستێن دەستیپێکرد
964+
وریا فەتاح
پڕۆژەى سەوزکردنى گوندى بەستەستێن دەستیپێکرد کە لەلایەن چەند خۆبەخشێکەوە ئەنجام دەدرێت و ئەمڕۆش لە قۆناغى یەکەمدا 70 نەمام دەنێژن.
رەوەند حەسەن، چالاکوانى ژینگەیى لە سنوورى ئیدارەى راپەڕین بە 964ـى وت،” پڕۆژەى سەوزکردنى گوندى بەستەستێن یەکێکى دیکەیە لە پڕۆژە ژینگەییەکانم کە بە هاوکارى لەگەڵ ژمارەیەک گەنجى گوندى بەستەستێن ئەنجامى دەدەین کە خۆى دەبینێتەوە لە ناشتنى 540 نەمام”.
رەوەند حەسەن کە چالاکوانێکى ژینگەییە، وەکخۆى دەڵێت، 7 هەزار و 300 نەمامى ناشتووە و چەندین پڕۆژەى سەوزکردنى لە گوندەکان و قوتابخانەکانى سنوورى ئیدارەى راپەڕین و قەزاى حاجیاوا ئەنجامداوە.
پڕۆژەى سەوزکردنى گوندى بەستەستێن کە دەکەوێتە سنوورى قەزاى پشدەر لە نێوان هەردوو ناحیەى ژاراوە و سەنگەسەرە.
وەک ئەوەى رەوەند حەسەن باسى دەکات، بە هاوکارى گەنجانى گوندى بەستەستێن کارى هەڵکەندنى قۆڵت بۆ ناشتنى نەمامەکان تەواو بووە و ئەمڕۆ 70 نەمام دەنێژن و لەم هەفتەیە و هەفتەى داهاتوودا تەواوى 540 نەمامەکە دەنێژن.
“بەشى زۆرى ئەو نەمامانەى لە بەستەستێن دەیاننێژین، لە جۆرى ناروەند و توو و تاڵیتۆزن، کە بۆ ژینگەى پشدەر گونجاون”، رەوەند حەسەن واى وت.
ئەو چالاکوانە ژینگەییە، خاوەنى بیرۆکەى “نەمام بۆ رووحى کۆچکردووان”ـە، کە پڕۆژەیەکى ژینگەییە و هەر کەسێک لە سنوورەکەیان بمرێت، بەهێندى ساڵەکانى تەمەنى نەمامى بۆ دەنێژن.