دۆخی نەخۆشەکان جێگیرە
نەخۆشخانەکەی شارەزوور: پزیشکەکانمان دەڵێن سکچوونەکە مەترسیدار نییە
964+
ئەحمەد مستەفا
“پەتاکە مەترسی دار نییە” ئەمە ناونیشانی بڵاوکراوەیەکی نەخۆشخانەی گشتی شەهید رەئوف بەگە لە قەزای شارەزوور، کە نزیکەی 48 کاتژمێرە، بە بەردەوام کەیسی سکچوون رشانەوە وەردەگرێ، بە گومانی پیسبوونی ئاوی دوو گەڕەکی قەزاکە.
شەوی چوارشەممە 6.11.2024، حاڵەتەکانی سەرەتای سکچوون و رشانەوە لە قەزاکە دەرکەوتن، بە قسەی دواین داتای وەزارەتی تەندروستی بێت، تا ئەمڕۆ هەینی دوو هەزار و 500 کەس تووشی سکچوون و رشانەوە بوون.
نەخۆشخانەی شەهید رەئوف بەگ ئەمڕۆ هەینی لە بڵاوکراوەیەکدا دەڵێت، سەبارەت بە توشبوونی هاوڵاتیانی قەزاکەمان بە سکچوون و رشانەوە، پزیشکانی نەخۆشخانە رایدەگەیەنن کە پەتاکە مەترسیدار نییە و نەخۆش بە وەرگرتنی چەند چارەسەرێکی سەرەتایی دۆخی جێگیر دەبێت و دەتوانێت بچێتەوە بۆماڵەوە.
نەخۆشخانەکە باس لەوە دەکات، ئیدارەی نەخۆشخانەکەمان دڵنیایی دەداتە هاوڵاتیانی سنوورەکە کە ستاف و دەرمانی پێویست لەبەردەستدایە و دەتوانرێت دۆخەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت وە ئەو قەرەباڵەغییە زۆرەی کە لە نەخۆشخانە هەیە زۆرینەی هاوەڵی نەخۆشە.
لە بارەی کۆنتڕۆڵی سکچوون و رشانەوە، نەخۆشخانەکە دەڵێت، دانیشتووانی قەزاکە دەتوانن بەجێ بەجێکردنی رێنماییەکانی خۆپارێزی و دەست شتن و بەکارنەهێنانی ئاوی تەنکی ماڵەکانیان بۆ خواردنەوە لەم چەند رۆژەدا هاوکاربن، تا تەواوی پەتاکە کۆنتڕۆڵ دەکرێت و دۆخەکە ئاسایی دەبێتەوە.