"پێكهێنانی حكومەتیان بەلاوە گرنگە"
كونسوڵی گشتیی ئێران لە هەولێر دەگۆڕێت
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
بە پێی راگەیاندراوێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كونسوڵی گشتیی كۆماری ئیسلامیی ئێران لەگەڵ كۆتاییهاتنی ئەركەكەی لە هەولێر، سەردانی سەرۆك وەزیرانی كوردستانی كردووە و جەختی لە گرنگیی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەت كردووە.
راگەیاندراوی حكومەتی هەرێم كە ئەمڕۆ پێنجشەممە 7.11.2024 بڵاوكراوەتەوە، ئاماژە بەوە دەكات، سەرۆك وەزیرانی كوردستان مەسرور بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر نەسروڵلا رەشنوودی كرد، بەبۆنەی ئەوەی ئەمەی دوایی ئەركەكەی لە هەولێر كۆتایی دێت.
هەروەها ئاماژە بەوە كراوە، “کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، پیرۆزبایی سەرکەوتنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لە سەرۆك وەزیران کرد و جەختی لە گرنگیی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم کرد.”
جگە لەوە سەردانی سەرۆك كۆماری نوێی ئێران مەسعود پزیشكیان بۆ كوردستان و عێراق لە ماوەی رابردوو، بە گرنگ باس كراوە بۆ پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكانی نێوان هەردوولا.
“کونسوڵی گشتیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر پێزانینی بۆ هاریکاری و هەماهەنگیی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسوڵخانەی وڵاتەکەی دەربڕی”، لە راگەیاندراوەكەدا واهاتووە.