16 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک
عێراق تێچووى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى نەوتى هەرێم لە ئەستۆ دەگرێت
964+
وریا فەتاح
ئەندامێکى کوردى لیژنەى دارایى لە ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق رایدەگەیەنێت کە ئەنجومەنى وەزیرانى فیدڕاڵى، پێشنیارێکى بۆ هەموارى یاساى بودجە پەسەند کرد و بڕى 16 دۆلار خەرج دەکات بۆ تێچووى بەرهەمهێنان و گواستنەوەى هەر بەرمیلێکى نەوت.
د. نەرمین مەعروف، ئەندامى لیژنەى دارایى بە 964ـى وت،”، ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆیدا پێشنیارێکی بۆ هەموارکردنەوەی مادەی (12/دووەم/ج) لە یاسای بودجەی سێ ساڵە ژمارە 13ـی ساڵی 2023 پەسەند کرد”.
روونى کردووەتەوە، بەپێی ئەم هەموارە وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە چوارچێوەی خەرجییە سیادییەکانی بودجە، بڕی 16 دۆلار خەرجدەکات بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک لە نەوتی هەرێم کە بڕەکەی لە یاسای بودجە بە 400 هەزار بەرمیلی رۆژانە دیاریکراوە.
“خەرجکردنى بڕى ئەو 16 دۆلارە بە مەرجى ئەوەیە کە نەوتى هەرێم لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە هەناردەبکرێت، یان وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بۆ پێداویستی ناوخۆ بەکاریبێنێت”، نەرمین مەعروف وا دەڵێت.
وەک باسى دەکات، هەربەپێی هەموارەکە بڕی ئەو 16 دۆلارە بۆ تێچووی بەرمیلێک وەک پێشینە ئەژمار دەکرێت لە سەرەتادا تا ئەوکاتەی لەلایەن دەزگایەکی راوێژکاری تەکنیکی نێودەوڵەتی تایبەتمەندەوە کە لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدڕاڵ بەرێکەوتن لەگەڵ وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم دەستنیشاندەکرێت و خەمڵاندنێکی دادپەروەرانە بۆ تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوە لە هەر کێڵگەیەکی نەوتی هەرێم بە جیا دەکرێت، ئەوەش لە ماوەی 60 رۆژدا لە بەرکاربوونی هەمواری یاساکە.
دەشڵێت: ئەگەرچی راگرتنی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم کە نزیکەی ساڵێک و حەوت مانگە زیانی دارایی زۆری گەیاندووە بە ئابوری هەرێم و عێراق، بەڵام لە ئێستادا ئەم بڕیارەی ئەمڕۆی ئەنجومەنی وەزیرانی فیدڕاڵ هەنگاوێکی گرنگە بۆ چارەسەرکردنی یەکێک لە کێشە هەڵواسراوەکانی نێوان هەرێم و بەغدا تا ئەوکاتەی یاسای نەوت و گازی فیدڕاڵ تەشریع دەکرێت.
هەرچەندە ساڵێک و حەوت مانگە هەناردەى نەوتى هەرێم راگیراوە، بەڵام کۆمەڵەی پیشەسازیی نەوتی کوردستان “ئەپیکور”، راپۆرتى زیانەکانى راگرتنى نەوتى هەرێمى بڵاوکردە و بەپێى زانیارى کۆمەڵەکە، راگرتنەکە تەنیا لەماوەى یەک ساڵدا 11 ملیار دۆلار زیان بە عێراق و حکومەتى هەرێم و کۆمپانیاکانى بوارى نەوت گەیشتووە.
ئەپیکۆر ئاماژەى بەوەشکردووە، بڕیارەکە بووەتە هۆى راگرتنى 450 هەزار بەرمیل نەوتى رۆژانەى هەرێم بۆ بازاڕەکانى جیهان.
لەکاتێکدا بۆڕى نەوتى عێراق- تورکیا، نزیکەى 19 مانگە تەواوە نەوتى لێوە هەناردە ناکرێت، بەڵام بەپێى ئەو زانیارییانەى ئەپیکۆر خستویەتییە روو، عێراق رۆژانە 800 هەزار دۆلار سزا دەدات ئەوەش لەبەر ئەوەى نەیتوانیوەى مەرجى رێککەوتنەکە بۆ بۆرى نەوتى عێراق- تورکیا، جێبەجێ بکات.
بەهۆى ناکۆکییەکانى هەرێم و ناوەند لەلایەک و بەغداد و ئەنقەرا لەلایەکى تر، هیچ ئاسۆیەک بەدیناکرێت بۆ دەستپێکردنەوەى نەوتى هەرێم، هەر بۆیە ئێستا نەوتى هەرێم بەشێکى بە تەنکەر دەفرۆشرێت و ئەوەش بە قسەى وەزیرى دارایى هەرێم بێت، بۆ هەر بەرمیلێک 31 دۆلار دەمێنێتەوە.