فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچوو

ئەوەى دەیگوت “هەر کەسێک پیکابەکەم بکڕێت هاوسەرەکەى دەمرێت”

964+

شۆڕش هەرکى

لە رێگاى داواکارى گشتییەوە، فەرمانى دەستگیرکردن بۆ ئەو کەسە دەرچوو کە خاوەنى ئۆتۆمبێلێکى جۆرى تۆتۆتا پیکابێکە و وەک خۆى دەیگوت، هەر کەسێک بیکڕێت هاوسەرەکەى دەمرێت.

سەرچاوەیەک لە راگەیاندى پارێزگاى هەولێر بە 964ـى وت،”لەسەر داواى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و لە رێگەى داواکارى گشتییەوە فەرمانى دەستگیرکردن بۆ خاوەنى ئەو ئۆتۆمبێلە دەرچوو کە لە چەند پەیجێکەوە دەرکەوتووە و دەڵێت، ئەوەى پیکابەکەم بکڕێت ژنەکەى دەمرێت”.

بابەتەکە ئەوەیە، لە چەند پەیجێکەوە چاوپێکەوتنى کەسێک بڵاوکرایەوە کە لەیەکێک لە پێشەنگاکانى کڕین و فرۆشتنى ئۆتۆمبێلە لە هەولێر، وەکخۆى دەڵێت،” خاوەنى ئەو تۆیۆتا پیکابەم، 22 جارم فرۆشتووە و هەموویان هاوسەرەکەیان مردووە و ئێستاش رۆژانە بە 100 دۆلار ئۆتۆمبێلەم دەدەم بەکرێ و نرخەکەى بەرز بووەتەوە بۆ سەرووى پێنج دەفتەر دۆلار.

بەپێى ئەو سەرچاوەیەى راگەیاندنى پارێزگاى هەولێر، ئەم بابەتە جۆرێک بووە لە سوکایەتى بە ژنان، هەر بۆیە لەسەر داواکارى پارێزگار و لە رێگەى داواکارى گشتییەوە کەیسەکە جوڵێنراو فەرمانى دەستگیرکردن بۆ ئەو کەسە دەرچووە.

964 لە رێگەى ژمارە تەلەفونەکەى و واتساپەوە چەند جارێک پەیوەندى بە کارزان ساڵح، وتەبێژى پۆلیسى هەولێرەوە کرد، بەڵام وەڵامى نەدایەوە.

هەر لە رێگەى واتساپەوە، 964 نامەى بۆ ئومێد خۆشناوى پارێزگار ناردووە، بەڵام تائێستا بێ وەڵامە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح