تەماتەکانی بەرناکەوێت
بەڕێوەبەرایەتیی توێژینەوەی کشتوکاڵی سلێمانی جوتیارێک خەڵات دەکات
+964
ژوولی عەدنان
بەڕێوەبەرایەتیی توێژینەوەی کشتوکاڵی سلێمانی، خەڵاتی رێزلینانی بەخشییە جوتیاری نموونەیی شێخ جەمالی کربچنە، ئەمەش لە پای هەڵبژاردنی شێخ جەمال لە تۆڕی نێودەوڵەتی Lighthouse Farm ی سەر بە زانکۆی فاخنینگ لە وڵاتی هۆڵەندا، بە خاوەن سێزدەمین کێڵگەی زانستی لە جیهاندا.
شێخ جەمالی کربچنە بە 964ی وت: تا ئێستا کەرەستەی خاوی دروستکردنی دۆشای تەماتە لە دەرەوەی وڵاتەوە هاوردەی کوردستان دەکرێت، من دەمەوێت لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی توێژینەوەی کشتوکاڵی سلێمانی بەرهەمی بهێنم و ئیتر لە دەرەوە نەیهێنین.
وتیشی، “تەماتەکە هی رێکخراوی جای کای ژاپۆنییە و تا ئێستا تەماتەی وامان لە کوردستان نەبووە”.
شێخ جەمال کێشەی گەرمکردنی ماڵە پلاستیکییەکانی هەیە لە زستاندا و دەڵێت: زستانی کوردستان زۆر ساردە و سووتەمەنی گرانە، بۆیە دەمەوێت تەرزێکی تەماتە بدۆزمەوە کە بەرگەی سەرما بگرێت.
شێخ جەمال ئاماژە بەوە دەكات، 25 جۆر تەماتەی جیاوازی چاندووە و تاقیدەکاتەوە، کامیان زیاتر بەرگەی سەرما دەگرێت.
کێڵگەکەی لە سەنگاوە لە گوندی کربچنە و خاوەنی 13 تەرزی تایبەتی خۆیەتی، کە تۆوەکانی لە بازاڕدا دەفرۆشرێت بە ناوی خۆیەوە.
جوتیارەكە پێشەنگە و لە كاركردن ناوەستێت، ئەمساڵیش سێ تەرزی جیاوازی تەماتەی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی توێژینەوەی کشتوکاڵی سلێمانی بەدەست گەیشت، کە تاقیبکاتەوە و ئەنجامەکەی ببینن، بەڵام ئەم سێ جۆرەی ئەمساڵ تایبەتە بە تەرزی دۆشاوی تەماتە.