سیستمی مۆڵەتی شۆفێریی ئەلکترۆنی لە گەرمیان کاراکرا
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
سیستمی مۆڵەتی شۆفێریی ئەلکترۆنی ئەمڕۆ چوارشەممە لە ئیدارەی گەرمیان کاراکرا و هاوڵاتیان دەتوانن مۆڵەتەکانیان بگۆڕن.
بەپێی سیستمە نوێيەکە، شۆفێر دەتوانێت شەش مانگ پێش بەسەرچوونی مۆڵەتەکەی، نوێی بکاتەوە و بە ماوەی کەمتر لە کاتژمێرێکیش مامەڵەکەی تەواو دەکرێت.
مقەدەم سامان عەلی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ھاتووچۆی گەرمیان بە تۆڕی 964 راگەیاند: ئیدارەی گەرمیان وەک یەکەم ئیدارەی سەربەخۆ ئەم سیستەمە نوێیەی تێدا کاراکراوە.
دەشڵێت، شەش مانگ پێشتر و یەک مانگیش دوای بەسەرچوون بەپێی ئەو سیستمە دەتواندرێت مۆڵەتەکە بێ هیچ سزایەک نوێبکرێتەوە.
لەم سیستمەدا وێنەی کەسەکان بە ئەلکترۆنی دەگیرێن و وێنەی چاویش بە جیا دەگیرێت.
بە وتەی سامان عەلی، رسوماتی دەرھێنانی مۆڵەتی شۆفێریی ئەلکترۆنی بڕی 50 ھەزار دینارە، ئەمەش 10 ھەزار دیناری زیاترە لە رسوماتی دەرھێنانی مۆڵەتە کۆنەکە کە بڕی 40 ھەزار دینار وەردەگیرا.