چووەتە ناو نزیکەى 20 ماڵ

لافاوەکەى شەوى رابردووى هەڵەبجە بێ زیان نەبوو

964+

ئەمەل ناجی – ھەڵەبجە

بارانى بەخوڕى شەوى رابردوو، بێ زیان نەبوو، لە هەڵەبجە نزیکەى 20 ماڵ زیانیان پێگەیشتووە و ئاو چووەتە ناویانەوە.

سامیە ئەحمەد ژنێکى دانیشتووى هەڵەبجەیە، لەکاتى دەردانى قوڕ و لیتەى ئەو لافاوەى شەوى رابردوو هێناویەتى بۆ ناو ماڵەکەى قسەى بۆ 964 کرد و وتى،”ئەمە یەکەمجار نییە، زیانى زۆرمان پێگەیشتووە، هەر باشبوو زیانى گیانى نەبوو بە پەلە لەسەربانەوە خۆمان رزگارکرد”.

لاى خۆیەوە، محەمەد بەھادین، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان jcc بە 964ـى وت، جگە لە زیانی مادی ھیچ زیانێکی گیانی بە ھۆی لافاوەکەوە نەبووە،بەڵام ئاو چووەتە ناو 15 ماڵ و تا ئێوارە رەنگە داتاکە زیاتر بێت”.

“تائێستا زیانەکان نەخەمڵێنراون، بەڵام لیژنەیەک دروستکراوە بۆ زانینى قەبارەى زیانەکان و قەرەبووکردنەوەیان”، محەمەد بەهادین واى وت.

لە 24 کاتژمێری رابردوودا، 106 ملم باران لە سنوورى هەڵەبجە باریوە، شەوی رابردووش باران و کۆبوونەوەی ئاو چەند رێگەیەکی سەرەکی لەناوەوە و دەرەوەی ھەڵەبجەی داخست.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

لافاو ژنە شوانکارێک و مەڕەکانیشى خنکاند

لافاو ژنە شوانکارێک و مەڕەکانیشى خنکاند