بە پێ ئەمسەر و ئەوسەری جەمسەری باشوری کرد
+964
هێرۆ مەولودی
پریت چاندی. خانمە ئەفسەری سوپای بەریتانیا، بۆ دووەمینجار رێکۆردی بە پێ ڕۆشتن لە جەمسەری باشور شکاند، ئەو خاتوونە رێکۆردی جیهانی درێژترین سەفەری تاکەکەسی و بێ پشتیوانی لە جەمسەری باشور لە نێوان ژنان و پیاوان شکاندوە.
چاندی دەربارەی ریکۆردە نوێیەکەی بە کەناڵی “بی بی سی” وت “ئەمە قورسترین تەحەدا (ئاڵەنگاری) ژیانم بووە کە ئەنجامم داوە”
پریت چاندی، تەمەن 33 ساڵ بە بڕینی رێگایەک بە مەودای هەزار و 485 کیلۆمەتر، سەرەڕای قورسی رێگاکە توانی لە ماوەی 70 رۆژ و 16 کاتژمێر، رێکۆردەکە جارێکی تر بە ناوی خۆی تۆماربکات
چاندی یەکەمجار لە ساڵی 2021 وەک یەکەمین ژن کە سەفەری بۆ جەمسەری باشور بە تەنها دەستپێکرد ، دەنگدانەوەیەکی زۆری بەدوای خۆیداهێنا و بەوە ناویانبرد کە مێژویی تۆمار کردووە.
پێشتر و لە ساڵی 2015 پیاوێک بەناوی هێنری ورسێڵ، هەزار و 459 کیلۆمەتری بە پێ لە جەمسەری باشور بڕیووە، بەر لەوەی بگاتە کۆتایی رێگەکەی نەخۆش دەکەوێت و لە نەخۆشخانەیەکی شیلی گیانی لەدەستدا.
جەمسەری باشوور بەشێوەیەکی سەرەکی لە ناوچەیەکی فراوان پێکدێت کە بە (ئەنتارکتیکا) ناودەبرێت و بە بەفر و بەستەڵەک داپۆشراوە و جێگەی ژیان نییە بۆ مرۆڤەکان.