بزانە لە کوێ دادەنرێت
ورچەکەى باڵەکایەتى مۆمیاکرا و گەڕێندرایەوە چۆمان
+964
ئاکام غەفور-سۆران
ورچە کوژراوەکە دەردەسەری زۆری بینی، لە ناوچەیەکى سەخت کوژرا و لەلایەن تیمێکەوە هێنرایە خوارەوە، بەهۆى نەبوونى ساردکەرەوەى تایبەت لە سۆرانەوە نێردرایە هەولێر و لەوێش باش گوێى پێنەدرا و خەریکبوو لاشەکەى تێکبچێت، دواجار دواى سێ مانگ کارەکانى مۆمیاکردنى لاشەکەى تەواو کرا و گەڕێندرایەوە بۆ چۆمان.
هەژار ماهیر، بەرپرسی فەرمانگەی ژینگەی سۆران بە 964ـى وت،” هەموو کارەکانی مۆمیا کردن تەواو بووە، لە ئایندەیەکی نزیک لە مەراسیمێکی شایستەدا لە ناشناڵ پارکی هەڵگورد-سەکران دادەنرێت”.
” کاری مۆمیاکردنەکەی قورس بووە و کاتی زۆری ویستووە، کەلوپەلی مۆمیاکردنە لە ئێران هێنراوە و ئەو کەسەشی کە مۆمیای کردوە هەر لە ئێرانەوە هاتووە کارەکانی کردوە، بەڵام بەهۆى تێکچوونى بەشێکى لاشەکەى کارەکە بە تەواوەتى و وەک ئەوەى پێویست بووە، دەرنەچووە”.، هەژار ماهیر وا دەڵێت.
ورچەکەی باڵەکایەتی، لە 13.8.2024 بە کوژراوی دۆزرایەوە، کە شوێنەواری فیشەک لەسەر جەستەی هەبوو تاکو ئێستاش بکەرانی کارەکە دەستگیرنەکراون و نادیارن، ورچەکەش دەگمەن بووە و لە جۆرى ورچى قاوەیى بووە.
ناشناڵ پارکی هەڵگورد سەکران، رووبەرەکەی هەزار و 200 کیلۆمەتر دووجایە، ئۆفێسى سەرەکى لە چۆمانە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح