دیسان دەریای ئیجەیە

چوار هاوڵاتی عێراقی لە یۆنان خنكان و 15یش بێ سەروشوێنن

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

چەند هاوڵاتییەكی خەڵكی ناسڕییە لە باشووری عێراق، بە پەیامنێری 964یان لە شارەكە راگەیاند، كە چوار هاوڵاتیی شارەكە لە دەریای ئیجەی نێوان توركیا و یۆنان خنكاون و 15 كەسی دیكەشیان بێسەروشوێنن.

عادل بەدری هاوڵاتییەكی ناسڕییەیە و نزیكی ئەو گەنجانەیە، كە خنكاون، ئەو بە 964ی وت، ئەو هاوڵاتییانە بەنیازی گەیشتن بە ئەوروپا بوون و لە ئاوی دەریای ئیجە لە نزیك یۆنان خنكاون، دوای ئەوەی شەپۆلە بەهێزەكان بەلەمەكەی تێكشكاندوون.

وتیشی، چوار لەو گەنجانە گیانیان لەدەستداوە و خەڵكی ناسڕییەن، 15ی دیكەش بێسەروشوێنن و بەدوایاندا دەگەڕێن، جگە لەوە كەسوكاری ئەو چوار گەنجەی گیانیان لەدەستداوە، بەرەو توركیا چوون بۆ ئەوەی تەرمەكان وەربگرنەوە.

عەلی بەدری دەڵێت، ئەوەی جێی سەرسامییە تا ئێستا حكومەتی عێراق بێدەنگە و هیچ رێوشوێنێكی بەرامبەر چارەنووسی ئەو گەنجانە و نەگرتووەتەبەر.

دەریای ئینجە ساڵانە شوێنی گیانلەدەستدانی سەدان هاوڵاتیی عێراقی و وڵاتانی دیكەشە، كە بە ئامانجی گەیشتن بە ئەوروپا بەو دەریایەدا تێدەپەڕن.

ئیجە دەكەوێتە نێوان توركیا و یۆنان و دەیان چیرۆكی تراژیدی هاوڵاتیانی كورد و عێراقی تێدا نووسراوەتەوە و پێشناچێت وا زوو چیرۆكەكان كۆتاییەكیان هەبێت.

129 کۆچبەر لە ئیجەدا بەجێهێڵدراون

129 کۆچبەر لە ئیجەدا بەجێهێڵدراون