شارەزایەكی كەشناسی:
سبەی شەپۆلێکی بارانبارین تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
شارەزایەكی كەشناسی دەڵێت، بە هۆی کاریگەریی دوو ناوچەی پەستان نزمی بەهێزی دەریای سوور و دەریای ناوەڕاست، پێشبینی دەکەن لە سبەی شەممەوە بارانبارین تەواوی ناوچەكانی كوردستان بگرێتەوە.
سیروان ساڵح شارەزای كەشناسی، ئەمشەو پۆستێكی لە پەیجی خۆی لە فەیسبووك كردووە و دەڵێت، “بە ئەگەری زۆر سبەی لە کاتی ئێوارە شەپۆلێکی بارانبارین تەواوی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و گەرمیان بگرێتەوە، لە درەنگانێکی شەوی شەممە لەسەر یەکشەممەش پێشبینی دەکەین هەندێك لە تاوە بارانەکان بەهێزببن و بارانی بەخوڕ ببارێت، لەگەڵ بڕێک تەرزە بە هەورە برووسکەوە و ببێتە هۆی دروستبوونی لافاو لە تەواوی چەم و دۆڵەکانی هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی گەرمیان”.
هەروەها پێشبینیی خۆی بۆ بڕی بارانبارین لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و گەرمیان لە رۆژی شەممەوە تا رۆژی دووشەممە كردووە، كە بەم جۆرەیە :
پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە: 45 -70 ملم
ئیدارەی ڕاپەڕین و ئیدارەی سۆران: 50 – 80 ملم
پارێزگای هەولێر: 35 -50 ملم
پارێزگای دهۆک: 15 – 30 ملم.
باکووری گەرمیان : 55 -75 ملم
ناوەڕاستی گەرمیان و کەرکوک : 35 -55 ملم.
باشووری گەرمیان: 30 – 40 ملم.
هەروەها سیروان ساڵح دەڵێت، ئەگەری هەیە لافاو لە سەرجەم چەم و دۆڵەکان بە تایبەت رۆژی یەکشەممە رووبدات.