چییان کردووە؟

حەسەن داعشی و جەماعەتەکەی گیران

964+
ئەحمەد مستەفا

وەزارەتی ناوخۆی عێراق وێنەی نۆ کەسی بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، ئەمانە باندێکی حەوت کەسین لە بەسڕە و دەستگیرکراون، لە خۆڕا تەقەیان لە خەڵکی بێ چەک کردووە و ماددەی هۆشبەریشیان پێ بووە.

روون نییە ژمارە دروستەکە چەندە حەوت یان نۆ، بەڵام ئەوەی روونە روخساری گەنج و تەمەن کەمی ئەو کەسانەیە کە بەو تۆمەتانە دەستگیرکراون.

وەزارەتەکە لە پێگەی خۆی لە فەیسبووک ئەمڕۆ هەینی 1.11.2024 نوسیوویەتی، پۆلیسی بەسرە و بەشی تاوان لە پۆلیس، توانیویانە باندێکی چەکدار دەستگیربکەن، ئەوەش دوای بڵاوکردنەوەی ڤیدیۆ کلیپ لە سۆشیال میدیا کە تیایدا دەردەکەوێت، چەکی ئاگرینیان پێیە و تەقەیان لە هاوڵاتیانی بێ چەک کردووە.

ئەندامانی باندەکە کاتێک دەستگیرکراون، تفەنگێکی کڵاشینکۆف، شەش دەمانچە و چوار کەرەستەی تیژ (چەقۆ و پۆکس خەنجەر و مقەست)یان پێ بووە، جگە لە شەش ئەمپۆلی ماددەی هۆشبەر و پێنج شریتی حەبی مادەی هۆشبەر، وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، تۆمەتباران دانیان بەوەدا ناوە کە چەندین تاوانی دزیکردنیان لە ناوچە جیاجیاکانی ناوەندی پارێزگای بەسرە ئەنجامداوە.

وەزارەتەکە دەڵێ، ئەمە مەترسی لەسەر ئارامی و ئاسایشی کۆمەڵگا دروست کردبوو، ئۆپراسیۆنەکە دوای وەرگرتنی رەزامەندی دادوەر بوو، بەو پێیەی تیمێکی کار لە ژێر چاودێری و بەدواداچوونی دادوەر و بە فەرمانی بەڕێوەبەری بەشی کۆنترۆڵکردنی تاوانی بەسرە و ئەفسەر و ئەندامانی دژە تاوانی شارۆچکەکە پێکهێنرا و دابەشکرابوون.

دوای بەدواداچوون و کۆکردنەوەی زانیاری، شوێنی باندەکە دۆزراوەتەوە و دەستگیرکران، بەو پێیەی کەسێک کە نازناوی “حەسەن داعشی” بووە سەرکردایەتی باندەکەی کردووە، وەزارەتەکە بۆ رای گشتی ئەوەی روون کردووەتەوە، رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر تۆمەتبارەکان گیراوەتەبەر، رەوانەی دەسەڵاتی دادوەری کراون بۆ وەرگرتنی سزای دادپەروەرانەی خۆیان.

باندە دەستگیرکراوەکە؛

ئەم وێنەیە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێ تۆمەتبارەکانن

ئەم وێنەیە وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، دەڵێ تۆمەتبارەکانن