بۆ سەر بەرزاییەکانی جۆلان بووە
مقاوەمە یەکەم رۆژی مانگی نوێی بە دوو هێرش دەستپێکرد
964+
ئەحمەد مستەفا
بەرە بەیانی ئەمڕۆ 1.11.2024، مقاوەمە دیمەنی هەڵدانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بڵاوکردووەتەوە، دەڵێ ئەمە دووەمین جارە ئەمڕۆ هەینی هێرش دەکەن سەر ناوچەیەکی دیاریکراو لە بەرزاییەکانی جۆلان.
ئەمە پیشەی زۆرێک لە رۆژەکانی مقاوەمەیە، دەستپێکی مانگی نوێش بە دوو هێرشی راگەیەندراو رۆژی عێراق هەڵهات.
لە بەیاننامەکەیدا، مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق دەڵێت، “لە درێژەی رێبازی ئێمە بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکاری، بۆ پشتیوانی لە گەلەکەمان لە فەلەستین و لوبنان و لە بەرامبەر ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە قەوارەی قۆرخکار لە دژی خەڵکی سڤیل، لەوانەش منداڵان، ژن و بەساڵاچووان، موجاهیدییەکانی بەرخۆدانی ئیسلامی لە عێراق ئەمڕۆ هەینی 1.11.2024 بۆ دووەمجار لەم کاتژمێرانەدا هێرشیان کردە سەر ئامانجێکی گرنگ لە جۆلانی داگیرکراو بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، بەرخۆدانی ئیسلامی پشتڕاستی دەکاتەوە کە ئۆپەراسیۆنەکانی بەردەوامە بۆ لەناوبردنی مۆڵگەکانی دوژمن بە خێرایی زیاتر”.
بەرەبەیانی رۆژی 26.10.2024 ئیسرائیل هێرشی كردە سەر ئێران، كە بە گوێرەی شیكردنەوەی چاودێرانی سیاسی و سەربازی، هێرشەكە سنووردار و لاواز بوو، بەڵام ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد 20 ئامانجی سەربازی پێکاوە، ئەمەش تای کاردانەوەی لای گروپە چەکدارەکان زیاتر کردووە.
لەلایەکی دیکەوە، ماڵپەڕی ناوداری ئەمریكی ئێكسیۆس نووسیویەتی، ئێران وەڵامی هێرشەكەی ئیسرائیل دەداتەوە، بەڵام لە خاكی عێراقەوە مووشەكەكانی ئاراستە دەكات، پێگەکە لە دوو سەرچاوەی ئیسرائلییەوە زانیاری ئەوەی وەرگرتووە، سوپای پاسدارانی ئێران درۆن و مووشەك و مووشەكی بالیستی لە ناو خاكی عێراقەوە ئاراستەی ئیسرائیل دەكات.
ئێكسیۆس دەڵێت، زانیارییەكانی هەواڵگریی ئیسرائیل ئەوە دەگەیەنن، ئێران لە خاكی عێراقەوە خۆی ئامادە دەكات لە رۆژانی داهاتوو وەڵامی هێرشەكەی ئیسرائیل بداتەوە، سەرچاوەكە بە پشتبەستن بە دوو سەرچاوە ئیسرائیلییەكە، دەڵێت، رەنگە هێرشەكە پێش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمریكا بێت.
هەروەها نووسیویەتی، گرنگیی كارەكە لەوەدایە هێرشەكە لە ناو ئێرانەوە نابێت، بەڵكو رێگەی ئەو میلیشیایانەوە دەبێت، كە سەر بە ئێرانن لە ناو عێراقدان، ئەمەش بۆ ئەوەی ئێران دامەزراوەكانی خۆی لە وەڵامی دیكەی ئیسرائیل ببپارێزت.