لە فێستیڤاڵێکى زانستى دا
فەرهەنگ و کلتور پشدەر تێکەڵ بە تەکنەڵۆجیا دەکرێت
964+
محەمەد عەلی ــ قەڵادزێ
بە چالاکى زانستى و تەکنەلۆژى و کلتورى و فەرهەنگى، پەیمانگەى کۆمپیوتەرى قەڵادزێ فێستیڤاڵى ساڵانەى پەیمانگەکەى ئەنجامدا.
ئەمین خدر، سەرپەرشتیاری فێستیڤاڵەکە بە 964ـی وت،” ئەمڕۆ ساڵ رۆژی دامەزراندنی پەیمانگاکەمانە، هەموو ساڵێک لەم رۆژەدا فێستیڤاڵی زانستی و کلتوری لەبەردەم پەیمانگاکەماندا ئەنجام دەدەین کە چەند چالاکییەکى زانستى و تەکنەلۆجى و فەرهەنگى لەخۆى دەگرێت”.
” لەبەر ئەوەی ناوچەیی پشدەر دەوڵەمەندە بە فەرهەنگ و کەلەپوری کوردی، هەوڵمانداوە لە فێستیڤاڵەکەدا لەگەڵ زانست و تەکنەلۆجیاى سەردەمدا تێکەڵیان بکەین و بەشێک بین لە گرێدانى زانست و نوێگەرى بە کلتور و زمان و فەرهەنگى نەتەوەیى”، ئەمین خدر واى وت.
لە فێستیڤاڵەکەدا حەیران و جلوبەرگی کوردی و خەنەبەندان و رەشماڵ و کاری دەستی وخواردنی کوردەوارن، بەشێکى دیکەبوون لە چالاکییەکان و لە پەناى بیرۆکە زانستیی و تەکەلۆجییەکان ئامادەییان هەبوو.
سەرپەرشتیارى فێستیڤاڵەکە ئاشکراى کرد، زیاتر لە 25 پڕۆژەى زانستى لەلایەن خوێندکارەکانیانەوە نمایشکراون، پڕۆژەکانیش هەوڵێکى باشن بۆ ئەوەى بخرێنە بوارى کردارى و سود بە کۆمەڵگە بگەیەنن.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح