20 کەس داوای منداڵە فڕێدراوەکەی ئاکرێ دەکات
+964
عەمار عەزیز – دهۆک
منداڵە فڕێدراوەکەی ئاکرێ بە بڕیاری دادوەر دەگوازرێتەوە دهۆک، تا ئێستاش 20 کەس زیاتر داواکارییان پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی بەخێوی بکەن.
رۆژی 25ـی ئەم مانگە، منداڵێک لە قەزای ئاکرێ لەسەر رێگایەک دەدۆزرێتەوە کە لەلایەن دایک و باوکی فڕێدرابوو.
ئەمڕۆ سێشەممە 31ـی کانونی دووەم، دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاکرێ، بڕیاری گواستنەوەی منداڵەکەی بۆ نەخۆشخانەی هیڤی منداڵان لە داهۆک داوە، بڕیارەکەش لە دووی شوبات جێبەجێدەکرێت.
نێچیرڤان فەخرەدین، بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستی قەزای ئاکرێ بۆ تۆڕی964 وتی ”تا ئێستا باوکی منداڵەکە و کەسوکاری دیارنین، زیاتر لە20 کەسیش لە ئاکرێ پەیوەندییان پێمانەوە کردووە منداڵەکەیان پێبدەین، بەڵام ئەو بڕیارە بە دەستی دادوەرە”.
لەبارەی لێکۆڵینەوەکانی پۆلیس، رائید عیماد حوسێن، بەرپرسی راگەیاندنی پۆلیسی قەزای ئاکرێ بۆ تۆڕی964 ئاماژەی بەوەدا تا ئێستا هیچ کەسێک لەسەر ئەم دوسیەیە دەستگیر نەکراوە و لێکوڵینەوەکانیش بەردەوامن.
ئەگەرچی 20 کەس زیاتر داوایان کردووە ئەو منداڵەیان پێبدرێت، بەڵام وەک پارێزەر بەهادین دەشتانی، پارێزەری راوێژکار لە دهۆک بە تۆڕی964 وت، ئەو پرسە لە یاسای ژمارە (76) ساڵی 1983، یاسای چاودێری نابەکام رێکخراوە و دەسەڵاتیش دراوەتە دادگا.
زیاتر روونیکردەوە، ئەگەر خێزانێک بیەوێت ئەم جۆرە منداڵانە بەخێوبکات، ئەوا دەبێت چەند مەرجێکى تێیدا هەبێت، لە سەرووی هەموویانەوە دەبێت ژن و پیاوەکە منداڵیان نەبێت، هەروەها لە رووی دەروونی و عەقڵییەوە کێشەیان نەبێت، ئینجا ئەگەر دادوەر باوەڕی هات، ئەوا بڕیاری ئەوە دەدات بەخێوکردنی ئەو منداڵە بخاتە ئوستۆی ئەو خانەوادەیە.