جووەکانی کوردستان داوای کورسی کۆتا دەکەن

+964

فەرمان سادق

جووەکانی کوردستان داوای کورسی کۆتا دەکەن، بۆ ئەمەش یاداشتێکیان داوەتە پەرلەمانی کوردستان.

رەنج کۆهین، سەرۆکی رێکخراوی ئارامیک بۆ پەرەپێدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتی کە تایبەتە بە کاروباری جووەکان لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی964ـی راگەیاند، داوایەکمان داوەتە بەشی یاسایی پەرلەمانی کوردستان بۆ ئەوەی کورسی کۆتا بۆ جووەکانی کوردستانیش دابین بکرێت.

تۆڕی964 لە زاری سەرۆکی رێکخراوەکە دەزانێت، کۆمەڵگەی جووەکان لە کوردستان ژمارەیان 500 خێزان زیاتر دەبێت کە خۆیان لە رێکخراوەکەیاندا تۆمار کردووە، ژمارەیان لەنێوان دوو بۆ سێ هەزار کەس دەبێت.

سەرۆکی رێکخراوەکە دەڵێ: لە چوارچێوەی یاسای پاراستنى مافى پێکهاتەکانی لە کوردستان ئەو داوایەیان داوەتە پەرلەمانی کوردستان.

پەرلەمانی کوردستان لە 21ـی نیسانی 2015 یاسای ژمارە (5)ـى پاراستنى مافى پێکهاتەکانی لە کوردستان پەسندکرد، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە چەندین ئایین و ئایینزا لە هەرێمی کوردستان هەن، ئەگەرچی بە روونی ناوی جووەکان نەبراوە، بەڵام ئەوان هاوشانی چەند ئایین و پێکهاتەیەک لە نێو وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان نوێنەرایەتییان هەیە و لە هەرێمی کوردستان سرووتەکانیان بەجێدەگەیێنن.

ئەو یاسایەی پەرلەمانی کوردستان لە کاتێکدایە لە رۆژی 26ـى ئایاری 2022، پەرلەمانى عێراق بە ئامادەبوونى 276 ئەندام دەنگی لەسەر پڕۆژەیاسای بەتاوانناساندنى ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل دەرکرد.

بەڵام وەک رەنج کۆهین دەڵێ، پەیوەندیان لەگەڵ کۆمەڵگەی جووەکانی عێراق “زۆر باشە”.

زیاتر وتی “موقتەدا سەدر، دوای دەرچوونی بڕیارەکە ئەوەی روونکردەوە کە ئامانج لە یاسایەکە جووە عێراقییەکان نییە، هەر ئەمەشە وایکردووە کە بە فەرمی حەوت مانگ پێش ئێستا داواکاری دامەزراندی کۆمەڵەیەکی سیاسییمان کردووە لە وەزارەتی ناوخۆ، بەڵام تا ئێستا وەڵام نەدراوینەتەوە”.

جێی بیرخستنەوەیە جووەکانی عێراق لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەزۆر راگواستنی جووەکان بۆ ئیسڕائیل لە ساڵانی پەنجاکانی سەدەی رابردوودا، لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەزاران جووی عێراقی و کوردستانی راگوازران.