باڵەخانەی ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان - وێنە: 964
بە تیروپشک دابەشدەکرێن
زیاتر لە دوو هەزار پارچە زەوی تەرخانکرا بۆ فەرمانبەرانی گەرمیان
964+
ژووری هەواڵ
وەزارەتی شارەوانی رەزامەندی دا بە تەرخانکردنی دوو هەزار و 474 پارچە زەوی بۆ فەرمانبەرانی نیشتەجێ لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان وەک وەجبەی یەکەم.
ئەمڕۆ سێشەممە 29.10.2024، لە نوسراوێکدا کە واژۆی ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری بەسەرەوەیە، رەزامەندی درا لەسەر تەرخانکردنی دوو هەزار و 474 پارچە زەوی بۆ فەرمانبەرانی سنووری ئیدارەی گەرمیان.
بەگوێرەی نوسراوەکە، ئەو زەویانە لە رێگەی تیروپشک دابەشدەکرێت بەسەر فەرمانبەرانی سنووری ئیدارەی گەرمیان و یەکەم وەجبەیە و هێشتا زەوی دیکە ماوە تەرخانبکرێت.
رۆژی 27.3.2024 سەرۆکی حکومەتى ههرێم، دوای کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران چەند بڕیارێکی دەرکرد، یەکێک لە بڕیارەکان دابەشکردنی زەوی بوو بەسەر فەرمانبەران و وهزارهتى شارهوانیشی راسپارد به ئهنجامدانى ئامادهكارییهكان بۆ ئهم دابهشكردنه.
لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا لە هەریەک لە ئیدارەی زاخۆ و پارێزگای هەولێر و سلێمانی دەست بە دابەشکردنی بەشێک لە زەویەکان کراوە.