لە کەرکوک
چیتر خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە نۆرەی نەوت و بەنزیندا ناوەستن
964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک
چیتر کەمئەندام و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی کەرکوک نۆرە بۆ نەوت و بەنزین ناگرن و راستەوخۆ دەڕۆنە ژوورەوە و وەریدەگرن.
ئەمڕۆ دووشەممە 28.10.2024 دوای هەفتەیەک لە دەستبەکاربوونی بەڕێوەبەری نوێی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکوک، بڕیاردرا چیتر کەمئەندام و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە نۆرەی نەوت و بەنزیندا نەوەستن.
ئەندازیار عەلی محەمەد بەڕێوەبەری کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی کەرکوک بە 964ـی وت، “کەمئەندام و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان شایەنی باشترین رێزگرتنن، بۆیە بە باشمانزانی لەسەر راسپاردەکانی بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، بڕیار بدەین کە چیتر لە نۆرەی نەوت و بەنزین لە وێستگاکاندا نەوەستن و راستەوخۆ بڕۆنە ژوورەوە و چییان بوێت وەریبگرن”.
“جگە لەوەش بڕیارم داوە هەر کەمئەندام و خاوەن پێداویستییەک، کار و مامەڵەی ناو کۆمپانیاکەمانی هەبێت، دەبێت کورسییەکی بۆ دابنرێت و چاوەڕێ بکات تا فەرمانبەرێک مامەڵەکەی بۆ تەواو دەکات”، عەلی محەمەد وای وت.
ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیارەکان لە سبەینێ سێشەممەوە 29.10.2024 دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری