وەزیری دەرەوەش راسپێردراوە

بۆ بەزاندنی ئاسمانەکەی عێراق یاداشتی ناڕەزایەتی ئاڕاستەی UN کرد

964+
ئەحمەد مستەفا

حکومەتی عێراق بە فەرمی یاداشتێکی ناڕەزایەتی پێشکەش بە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش کرد، ئەوەش لە بەرانبەر کەڵک وەرگرتن لە ئاسمانی عێراق لەلایەن ئیسرائیلەوە بۆ هێرشەکەی 26ی ئەم مانگە کە کردییە سەر ئێران.

یاداشتەکە وەک وتەبێژ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەڵێت، بریتی بووە لە ئیدانەکردنی “ئەو پێشێلکارییە ئاشکرایەی کە قەوارەی زایۆنیستی بە پێشێلکردنی ئاسمانی عێراق و سەروەری عێراق ئەنجامی داوە و کەڵکی وەرگرتووە لە ئاسمانی عێراق بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر کۆماری ئیسلامی ئێران لە 26.10.2024 دا”.

هەروەها، وەزیری دەرەوەی راسپێردراوە پەیوەندی لەگەڵ لایەنی ئەمریکیدا بکات سەبارەت بەم پێشێلکارییە، ئەوەش “بەپێی مەرجەکانی رێککەوتنی چوارچێوەی ستراتیژی دوولایەنە و پابەندبوونی ئەمریکا بە ئاسایش و سەروەری عێراق”.

حکومەتی عێراق پابەندبوونی پتەوی خۆی بە سەروەری و سەربەخۆیی و پیرۆزی خاکی عێراق دووپات کردووەتەوە و دەڵێ، لەسەر ئاستە جیاجیاکان کاردەکات بۆ روبەڕوبوونەوەی ئەو پێشێلکارییانە، جەختی لەوە کردووەتەوە، کە رێگەنادەن بە بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق یان زەوییە وشکانییەکان بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دیکە، بەتایبەتی وڵاتانی دراوسێ کە عێراق پەیوەندی و بەرژەوەندی هاوبەشی لەگەڵیان هەیە.

باسم عەوادی، وتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق دەڵێ، ئەم هەڵوێستە رەنگدانەوەی پەرۆشی عێراقە بۆ پەیڕەوکردنی سیاسەتی پاراستنی سەقامگیری لە ناوچەکەدا، بە رێگریکردن لە هەر جۆرە ئیستغلالکردنێک لە خاکەکانی لە ململانێ ناوچەییەکان، هەروەها پاڵپشتیکردنی بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە رێگەی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی یەکترەوە.

شەوی 26.10.2024، سوپای ئیسرائیل بە نزیکەی 100 فڕۆکە 20 پێگەی لە ناوخۆی ئێران بە ئامانج گرت، دواتر سەرۆک ئەرکانی ئێران وتی، ئیسرائیل بۆ هێرشەکانی ئاسمانی عێراقی بەکارهێناوە، لەو هێرشانەدا چوار ئەفسەر سوپا گیانیان لە دەستدا.

"ئیسرائیل ئێرانی ئاگادار كردبووەوە هێرشی دەكاتەسەر"

تاچەند هێرشەکەی ئیسرائیل کاریگەری لەسەر ئاڵوگۆڕی بازر...

تاچەند هێرشەکەی ئیسرائیل کاریگەری لەسەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەرێم و ئێران هەبووە؟