گوندی گوهەرزێ

گوللەتۆپێک کەوتەخوارەوە و چەند هاوڵاتییەک گواسترانەوە نەخۆشخانە

+964

هیڤی دێوالی – دهۆک

گولـلەتۆپێک لە نزیک قوتابخانەی گوندی گوهەرزێ کەوتەخوارەوە و زیان بە ژمارەیەك ماڵ و ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان گەیشتووە، چەند هاوڵاتییەكیش لە ترسان لەهۆشچوون و گواستراونەتەوە نەخۆشخانە.

بە پێی زانیارییەكانی 964 كە لە موختاری گوندەکە دەستی كەوتووە، ئێستا فڕۆکەی جەنگی بە ئاسمانی ناوچەكەدا دەسووڕێنەوە، كە پێدەچێت فڕۆكەی تورکیا بن و بۆردومانی دەوروبەری گوندەکە دەکەن.

ئەم ئێوارەیە (یەکشەممە 2024.10.27) لە نزیک کاتژمێر 6:45 بۆ 7:00 گۆلـلەتۆپێک لە نزیک قوتابخانە و ماڵەكانی گوندی گوهەرزێ کەوتەخوارەوە.

هاوڵاتییەكی گوندەکە چەند گرتە ڤیدیوییەکی بۆ 964ـی ناردووە و دەڵێت، زیانی گیانی نەبووە، بەڵام زیانێکی زۆر بە ماڵەکان گەیشتووە و هەندێک لە هاوڵاتیانی لەناو ماڵەكاندا بەهۆی ترسەوە بێهوش بوون و گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی دێرەلووک.

ئەحمەد سەعدوڵا، موختاری گوندی گوهەرزێ بە 964ـی وت، كەوتنەخوارەوەی گولـلەتۆپەكە زیانی بە نزیكەی 10 ماڵ و هەروەها ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیان گەیاندووە، کە دیواری ماڵەکان رووخاون و پەنجەرەکانیشیان شکاون.

وتیشی، زیانی گیانی نەبووە ، بەڵام چەند هاوڵاتییەکی گوندەکە بەهۆی ترس و دڵەڕاوكێ بێهوش بوون و گواسترانەتەوە بۆ نەخۆشخانەی دێرەلووك .

وتیشی، “ئێستا فڕۆکەی جەنگیی تورکیا بەسەر گوندەکەدا دەسوورێنەوە و بە بەردەوامی بۆردومانی دەوروبەری گوندەکە دەکەن، هەروەها شەڕ لە نێوان سوپای توركیا و گەریلاكانی پەکەکە لە دەروبەری گوندەکە هەیە، بەڵام کە شەڕ قورس دەبێت گولـلەتۆپ لەناو گوندەکە دەکەونەخوارەوە و زیان بە ماڵەکانی گوندەکە دەگەینن”.

“شەش رۆژ لەمەوبەر گولـلەتۆپێک لەسەر بانی ماڵێک کەوتەخوارەوە و تەنیا زیانی بە حەوشە و دیواری دوو ماڵی دیكەش گەیاند”، ئەحمەد سەعدوڵا وای وت.

گوندی گوهەرزێ دەکەوێتە ناحیەی دێرەلووک لە سنووری قەزای ئامێدی، نزیکەی 200 ماڵی تێیدا دەژین.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

گولـلەتۆپێک کەوتە ناو حەوشەی ماڵێکی گوندی گوهەرزێ

گولـلەتۆپێک کەوتە ناو حەوشەی ماڵێکی گوندی گوهەرزێ