ئێران وەڵام ناداتەوە

“ئیسرائیل ئێرانی ئاگادار كردبووەوە هێرشی دەكاتەسەر”

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

ماڵپەڕی والای ئیسرائیلی لە سێ سەرچاوەوە ئەو زانیارییەی وەرگرتووە، كە ئیسرائیل پێش ئەوەی هێرش بكاتەسەر ئێران، نامەیان بۆ ئێرانییەكان ناردووە و ئاگاداریان كردوونەتەوە.

سەرچاوەكە ئەمڕۆ شەممە 26.10.2024 بڵاویكردووەتەوە، ئیسرائیل رۆژی هەینی نامەی بۆ ئێران ناردووە و هۆشداری پێداون وەڵامی ئەو هێرشە نەدەنەوە، كە بۆ سەر ئەوان ئەنجامی دەدەن.

ماڵپەڕەكە نووسیویەتی، ئێرانییەكان پێشەكی روونكردنەوەیان وەرگرتووە لە بارەی ئەو شوێنانەی هێرشیان دەكرێتەسەر.

بە پێی هەواڵی ماڵپەڕی والا، كە لە سێ سەرچاوە وەریگرتووە، ئیسرائیل ئێرانییەكانی ئاگاداركردووەتەوە لەو هێرشەی ئەنجامی دەدات.

هەروەها ئەوەشی باسكردووە، ئەمریكا بەشداریی هێرشەكەی سەر ئێران ناكات، بەڵام ئەگەر ئێران وەڵام بداتەوە و تۆڵە بكاتەوە، ئەوا ئەمریكا ئامادەیە بەرگری لە ئیسرائیل بكات.

لە نوێترین زانیارییشدا، تەلەڤزیۆنی سكای نیوزی عەرەبی بڵاویكردەوە، ئێران لە رێگەی ناوەندگیرێكی بیانییەوە، هەواڵی ئەوەی بە ئیسرائلییەكان گەیاندووە، كە وەڵامی ئەو هێرشەیان نادەنەوە.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ئەنجامدرا، كە بە پێی میدیای ئیسرائیلی، نزیكەی 100 فڕۆكە و درۆن تێیدا بەشداربوون و ژمارەیەك پێگەی سەربازی ئێران كرانەئامانج، بەڵام هێشتا باس لە زەرەر و زیانەكان نەكراوە، میدیای ئێرانیش دەڵێت بەشداربوونی 100 فڕۆكە لە هێرشەكە و بەئامانجگرتنی 20 پێگەی سەربازیی ئێران دوورە لە راستییەوە.

"ئیسرائیل پێش ئێران لە عێراق و سوریای داوە"