لایەنە سیاسییەكانی كوردستان

سەرۆكایەتيی كۆمار داواكات بۆ پێكهێنانی حكومەت گفتوگۆ بكەن

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق داوا لە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكات لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن بۆ پێكهێنانی حكومەتێك، كە پێشینەی كارەكانی خزمەتكردنی گەل بێت.

سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە 23.10.2024 لە راگەیاندراوێكدا پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان و هەموو هێز و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكات، بەبۆنەی سەركەوتنی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان و رۆڵی كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراقیش بەرز دەنرخێنێت لە بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەكەدا.

هەروەها سەرۆكایەتیی كۆمار داوا لە هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەكات، “لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن، بە ئامانجی پێكهێنانی حكومەتی هەرێم لەسەر بنەمای بەهێزكردنی بنیادنان و ئاوەدانكردنەوە و پاڵپشتیكردنی گەشەی ئابووری و بەدەستهێنانی گەشەپێدانی بەردەوام”.

“هەڵبژاردن لەگەڵ ئەوەی مافێكی دەستووریی سەرەكییە، هەروەها پێگەیەكی سەرەكییە لە سیستمی دیموكراتی، پەرلەمانیی یەكگرتوو، هەروەها سەرچاوەی شانازییە بۆ سەرجەم عێراقییەكان، بۆیە سەرۆكایەتیی كۆمار لەم گۆشەیەوە داوا دەكات رێز لە ئەنجامەكانی هەڵبژاردن و ویستی ئازادانەی گەل بگیرێت”، لە راگەیاندراوەكەی سەرۆكایەتی كۆماردا هاتووە.

سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق، هەر بەپێی راگەیاندراوەكەی “پاڵپشتیی تەواوكردنی رێچكەی دەستووری و دیموكراتی لە هەرێمی كوردستان دەكات، بە جۆرێك یەكێتیی نیشتمانی بەهێزتر بكات و هیواكانی میللەت لە گەشەپێدان و پێشكەوتن بەدی بهێنێت”.

رۆژی 20.10.2024 هەڵبژاردنی گشتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، كە هێشتا ئەنجامی كۆتایی و فەرمیی رانەگەیاندراوە.

سەرۆکی هەرێم پەیامی پیرۆزبایی کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی ...

سەرۆکی هەرێم پەیامی پیرۆزبایی کۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی بڵاوکردەوە