لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە

باخچە خێزانیەکەی خانەقین بۆینایە و ئەمە دووەم جارە تێکدەدرێت

964+

راژان باجەڵان – خانەقین

باخچە خێزانیەکەی خانەقین کە ناوی باخچیە دارەکونارە بۆی نایەو لە ماوەی سێ مانگدا لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە بۆ دووەم جار تێکدراوە.

عەلی زوهێر بەڕێوەبەری شارەوانی خانەقین بە 964ـی وت، بەیانی ئەمڕۆ سێشەممە سەرپەرشتیاری باخچەکە شارەوانی ئاگادار کردەوە کە هەندێک کاری تێکدان لەناو باخچەی دارەکونارە کراوە وەک شکاندنی ژمارەیەک کورسی کۆنکریت و گۆڕینی شوێنی هەندێکی تری و ژمارەیەک گڵۆپی باخچەکە شکێنراون و چەند هێمایەکی پاراستنی ژینگەی باخچەکە دڕێندراون.

وتیشی، تا ئەم کاتەش هیچ کەس بە تۆمەتی تێکدانی شوێنەکە دەستگیر نەکراوە و ئەمەش دووەمجارە لە ماوەی سێ مانگدا ئەم جۆرە کارانە بکرێت و هەرچەندە تێچووە مادییەکەی زۆر نییە بەڵام سیمایەکی ناشیرین نیشانی میوانەکان دەدات و بۆیە لە چەند رۆژی داهاتووەوە سیستەمی کامێرا لە تەواوی باخچەکە جێگیر دەکرێت.

عصسام ئەبو مەهدی سەرپەرشتیاری باخچەکەیە و بۆ 964 وتی، لە ناو باخچەکەدا چەند کۆشکێک بوونی هەیە کە خواردن دەفرۆشن لەلایەن ئەو کەسانەوە جگە لە تێکدانی باخچەکە بوتڵی غازی ئەو کۆشکانەش لە درەنگانی شەودا دزراوە.

باخچەی دارەکونارە تاکە باخچەی خێزانییە لە خانەقین و ماوەی هەشت مانگە کراوەتەوە بەڕووی هاوڵاتیانی قەزاکە و رۆژانە لە کاتژمێر چواری ئێوارە تا درەنگانی شەو خەڵک سەردانی دەکەن.

پێداچوونەوە: توانا نەقی