زەرد و سەوز و سوور

سێ لیژنە بۆ سكاڵاكانی هەڵبژاردنی كوردستان پێكهێنران

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، سێ لیژنەی بۆ پۆلینكردن و بەدواداچوونی سكاڵاكانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان پێكهێنا، هەر لیژنەیەكیش رەنگ و كاری جیاوازی خۆی هەیە.

جومانە غەلای وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی 964ی راگەیاند، كۆمیسیۆن بەپێی ئەو دەسەڵاتەی پێیدراوە، سێ لیژنەی بۆ پۆلینكردن و بەدواداچوونی سكاڵاكانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان پێكهێنا بۆ هەردوو دەنگدانی تایبەت و گشتی.

وتیشی، لیژنەی یەكەم كار لەسەر سكاڵای (زەرد) دەكات، كە مەبەست لێی ئەو سكاڵایانەیە بە رێگەی زارەكی پێشكەش كراون و ناوی سكاڵاكار و تۆمەتباری تێدا نییە و لە رێگەی ئەو فۆرمەوە تۆمار نەكراون، كە لە بنكەكانی دەنگدان لە رۆژی دەنگداندا هەبوون، یان هیچ شایەدێك بۆ سكاڵاكە نییە، یان واژۆی كەس بەسەر ئەو سكاڵایانە نییە كە لە فۆڕمیش پێشكەشكراون، كە ئەم جۆرەیان هیچ كاریگەرییەكی لەسەر ئەنجامەكانی هەڵبژاردن نابێت.

هەروەها وتی، لیژنەی دووەم كار لەسەر سكاڵای (سەوز) دەكەن، ئەو جۆرەشیان ئەو سكاڵایانە دەگرێتەوە، كە لەسەر كارمەندانی كۆمیسیۆن یان ئەوانەی لە بنكەكانی دەنگدان كاریان كردووە، یان هێزە ئەمنییەكان ئەگەر پێشێلكارییان كردبێت، ئەمەشیان كاریگەری بۆ سەر پرۆسەی دەنگدان و ئەنجامەكانی هەڵبژاردن نییە.

جومانە غەلای باسی جۆری سكاڵای (سوور)ی كرد، كە ئەو جۆرەیان پەیوەندی بە تەزویركردنی دەنگەكان، یان یاریكردن بە فۆڕمەكانی دەنگدانە، كە كۆمیسیۆن لە پێشینەی كارەكانی دەبێت بۆ ئەوەی بەدواداچوونیان بۆ بكات، چونكە ئەمەیان كاریگەری بۆ سەر ئەنجامەكان دەبێت و بۆی هەیە دەنگ پووچەڵ بكاتەوە و ئەنجامی وێستگە یان بنكە هەڵبوەشێنێتەوە.

وتیشی، سزاكانی ئەو جۆرە هەروەها بۆی هەیە كاندید دووربخاتەوە و ئەنجامەكان رەتبكاتەوە، بۆ ئەمەشیان كۆمیسیۆن چ بڕیارێك بە گونجاو بزانێت، دەیدات.

وتەبێژی كۆمیسیۆن ئاشكرای كرد لیژنەكان بە سەرۆكایەتی یەكێك لە ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمیسیاران دەبێت، بە ئەندامیەتی بەڕێوەبەرێكی گشتی و فەرمانبەرانی یاسایی تایبەتمەند بە سكاڵاكان لە بەشی سكاڵا و تانەدان.

بەپێی ئەو زانیارییانەی دوێنێ كۆمیسیۆن ئاشكرای كردووە، تا ئێستا 189 سكاڵا لە دەنگدانی تایبەت و گشتیدا تۆمار كراون.

رۆژی 20.10.2024 هەڵبژاردنی گشتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو، كە دوو رۆژ پێشتریش دەنگدانی تایبەت بەڕێوەچوو.

کۆمسیۆن 71 سکاڵای لە بارەی هەڵبژاردنەوە پێ گەیشتووە

کۆمسیۆن 71 سکاڵای لە بارەی هەڵبژاردنەوە پێ گەیشتووە