وته‌بێژی پارتی: بێ مه‌رج له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌كان كۆده‌بینه‌وه‌

+964
كوردستان ئەحمەد – هەولێر

ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 31ـیی كانوونی دووه‌م، پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان لەسەر دۆخی هەرێمی كوردستان، له‌ باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كگرتوو له‌ هه‌ولێر كۆبوونەوە.

مەحمود محەمەد، وتەبێژی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ میدیاكانی رایگەیاند “ئەمڕۆ لەگەڵ یەكگرتوی ئیسلامی كوردستان كۆبووینەوە و گفتوگۆمان لەسەر دۆخی سیاسیی هەرێمی كوردستان و ناوچەكەمان كرد.

وتیشی، هەردوولامان سووربووین لەسەر ئەوەی دەبێت دۆخی هەرێمی كوردستان بەرەو باشتر بڕوات.

مەحموود محەمەد ده‌ڵێت “لەگەڵ هەموو لایەنەكان كۆدەبینەوە مەرجمان بۆ كۆبوونەوە لەگەڵ هیچ لایەنێك نییە و مەرجیش لە هیچ لایەنێك بۆ كۆبوونەوە قبوڵ ناكەین”.

بڕیاره‌ هه‌ر ئه‌مڕۆ و پاش كه‌مێكی دیكه‌، پارتی دیموكراتی كوردستان و كۆمەڵی دادگەری كۆببنه‌وه‌.