لە بەغدا دەنگی دا
سەرۆک کۆمارە کوردەکە: چاوەڕێی پەڕلەمانێکی بەهێزم
964+
ئەحمەد مستەفا
سەرۆک کۆمارە کوردەکە لە بەغدا دەنگی دا و وتی، ئەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان زۆر گرنگە، هیوادارم پەرلەمان ئەمجارە پەرلەمانێکی بەهێز و چالاک بێت.
ئەو ئاماژەی بەوەشکرد، تا ئێستا پرۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت و داواکارم لە تەواوی هاوڵاتیان بەشداریی دەنگدان بکەن.
لەتیف رەشید سەرۆک کۆماری عێراق لە بنکەی تایبەتی دەنگدان لە هۆتێل رەشیدی شاری بەغدا دەنگیدا، کە بنکەیەکە بۆ دەنگدەرانی گشتی کراوەتەوە و دوای قسەی بۆ رۆژنامەنووسان کرد.
وتی، ئەمڕۆ هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و پیرۆزبایی لە تەواویی هاوڵاتیانی هەرێم دەکەم، پیرۆزبایی لە لایەنە براوەکان دەکەم هیوام وایە بتوانن لە ئاست خزمەتکردنی هاوڵاتیاندابن.
باسی لەوەش کرد، تا ئێستاش پرۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت و داواکارم لە تەواوی هاوڵاتیان بەشداری دەنگدان بکەن.
لەبارەی پەڕلەمانی نوێ، لەتیف رەشید وتی، ئەم هەڵبژاردنە زۆر گرنگە و هیوادارم پەرلەمانی ئەمجارە پەرلەمانێکی بەهێز و چالاک بێت و هیوام وایە هەرزوو پەرلەمان دەستبەکاربێت و حکومەتێکی چالاک و خزمەتگوزار هەڵبژێرین.