"دەبێت دەنگدانەکە ئازادانە بێت"
باڵیۆزی ئەمریکا پەیامێکی لەبارەی هەڵبژاردنی هەرێم بڵاوکردەوە
964+
ژووری هەواڵ
باڵیۆزی ئەمریکا پەیامێکی لەبارەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە و باس لە گرنگی بەشداریکردنی هاوڵاتیان لە دەنگداندا دەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 20.10.2024، ئەلینا رۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، “گرنگە بۆ هەموو ئەوانەی مافی دەنگدانیان هەیە لە هەرێمی کوردستان کە بەشداری لە دەنگدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بکەن و دەنگی خۆیان بگەیەنن”.
باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق راشیگەیاند، دەنگدان بڕبڕەی پشتی حکومڕانییەکی دیموکراتی سەرکەوتووە و هانی هەموو لایەنەکانیش دەدات دڵنیایی بدەن کە دەنگدانەکە ئازاد و دادپەروەرانەیە بەبێ توندوتیژی و چاوترساندن، وتیشی کار دەکەن بۆ پشخستنی هاوبەشییەکانیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراق.
“دەنگدان رەنگدانەوەی ئیرادەی خەڵکە، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پابەندە بە پشتیوانیکردنی ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری عێراق”، بالیۆزی ئەمریکا وا دەڵێت.
ئێستا خەڵک لە هەرێمی کوردستان دەنگ بۆ خولی شەشەمی پەڕلەمانی کوردستان دەدەن و ئەمڕۆ 20.10.2024 رۆژی دەنگدانی گشتییە و پاش دەنگدان پەرلەمان متمانە بە کابینەی دەیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەدات.