"ئازادی بەکارهێنانی ئینتەرنێت نییە"
فریدەم هاوس: ئازادی بەکارهێنانی ئینتەرنێت لە عێراق بەرتەسک کراوەتەوە
964+
ژووری هەواڵ
رێکخراوێکی ئەمریکی راپۆرتێکی لەبارەی ئازادی بەکارهێنانی تۆڕی ئینتەرنێت لە عێراق بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، رۆژنامەوانان و چالاکوانانی کۆمەڵایەتی لە عێراق، بەهۆی بڵاوکردنەوەی بابەتەکانیانەوە، رووبەڕووی توندوتیژیی و راوەدوونان و رفاندن و تەنانەت تیرۆکردنیش بوونەتەوە.
رێکخراوی فریدەم هاوسی ئەمریکى لە راپۆرتێکی خۆیدا، هەریەکە لە وڵاتەکانی عێراق و لوبنان و تونس و مەغریب و ئوردن و لیبیای بە ئازادی رێژەیی ریزبەند کردووە و سعودیە و ئیمارات و بەحرێن و میسر و سودانی بە وڵاتانی نائازاد بۆ بەکارهێنانی ئینتەرنیت ریزبەند کردووە.
لێکۆڵینەوەکانی رێکخراوەکە لەسەر نزیکەی 72 دەوڵەتی جیهان کراوە و ئاستی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێتی بۆ ئازاد، ئازادی رێژەیی و نائازاد ریزبەند کردووە.
لە راپۆرتەکەدا، ئاماژە بەوەکراوە، دانیشتووانی زیاتر لە سێ لەسەر چواری ئەو 72 دەوڵەتەی کە باسیان کراوە، بەهۆی بڵاوکردنەوەی بۆچوونە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئاینییەکانیانەوە لە ئینتەرنێت، رووبەڕووی دەستگیرکردن بوونەتەوە.
لە راپۆرتەکەی رێکخراوی فریدەم هاوسدا هاتووە، لە 25 دەوڵەت حکومەت کۆتوبەندی توندی داناوە بۆ گەیشتن بە ماڵپەرە کۆمەڵایەتییەکان، نزیکەی 41 دەوڵەتیش ماڵپەرە ئایینی و کۆمەڵایەتییەکانیان قەدەغە کردووە.