دەزگای ئاسایش: تۆڵەی خوێنی شەهیدەکەمان دەکەینەوە
دوو رۆژ پێشتر داعشەکان بینراون
دەزگای ئاسایش: تۆڵەی خوێنی شەهیدەکەمان دەکەینەوە
+964
ژووری هەواڵ
دەزگای ئاسایشی هەرێم لە بارەی گیانبەخشینی کارمەندێکیانەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردووتەوەو دەڵێت ”بەڵێن دەدەین تۆڵەی خوێنی شەهید محەمەد و سەرجەم شەهیدانی کوردستان بکەینەوە”.
دەزگای ئاسایشی هەرێم (سلێمانی) کەمێک پێش ئێستا لەسەر فەیسبووک راگەیەندراوێکی بڵاوکردووەتەوەو ئاماژە بەوە دەکات ئەو ئۆپەراسیۆنەی ئەمڕۆ بۆ سەر داعش ئەنجامیاندا، لەسەر بنەمای زانیاری پێشوەختە بووە ”شەوی چوارشەممە کاتژمێر 10 لەسنوری گوندەکانی (شارەدێی شوان) لەسەر بنەمای زانیاری هەواڵگری و بینینی چەند چەکدارێکی گروپی تیرۆریستی داعش لە ناوچەکەدا” بووە.
بەپێی راگەیەندراوەکەی ئاسایش، بە هۆی ئەو زانیارییەوە ئەمڕۆ هەینی 18.10.2024 هێزە ئاسمانییەکانی عێراق بۆردومانی ناوچەکەیان کردووە، دوای ئەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی دژەتیرۆر و هێزەکانی کۆماندۆی کوردستان و بەهاوکاری وەزارەتی بەرگری عێراق و ژووری ئۆپراسیۆنەکانی کەرکوک لەسەر زەمین بە ئاڕاستەی داعشەکان جوڵاون ”لەئەنجامی بۆردومان و رووبەڕوبونەوەکەدا چەند چەکدارێکی گروپی تیرۆریستی داعش کوژران”.
لە دیوای ئاسایشەوە کارمەندێک بەناوی محەمەد رەشید قادر گیانی بەخشیوەو دوو کارمەندی تری ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسایش بریندار بوون، ئاسایش دەڵێت ”بەڵێن دەدەین تۆڵەی خوێنی شەهید محەمەد رەشیدو سەرجەم شەهیدانی کوردستان بکەینەوە.