بۆڕییەکی سەرەکی شکا، بەڵام سلێمانی بێ ئاو نەبوو

964+

هاوبەش ئەبوبەکر – سلێمانی

بۆڕی ئاوی دوکان – سلێمانی لەنزیک گوندی سابوراوا لە ناحیەی پیرەمەگرون شکا، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانیش دەڵێت ئاوی 70٪ی خەڵکی شارەکە پشتی بەو بۆڕییە بەستبوو.

سیروان لالە سەرحەد، قایمقامی دوکان بە تۆڕی 964ی راگەیاند، ئەمڕۆ لە کاتژمێر شەشی بەیانییەوە هێڵی دووەمی بۆڕی ئاوی دوکان – سلێمانی شکاوە و تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی چاوەڕێی بەتاڵبوونی ئاوی نێو بۆڕییەکەن، بۆ ئەوەی چاکی بکەنەوە.

ئامانج جەلال لێپرسراوی راگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی ئاوی سلێمانی بە تۆڕی 964ی وت، شکانی بۆڕییەکە هیچ گرفتێکی کەم ئاوی بۆ شاری سلێمانی دروست ناکات.

“بۆڕییەکی دیکەی جێگرەوەمان هەیە و لەو هێڵەوە ئاو بۆ شاری سلێمانی دابین دەکەین، بەڵام بەهۆی شکانی بۆڕییەکە بۆ چەند کاتژمێرێک سلێمانی بێ ئاو مایەوە،” ئامانج جەلال وای وت.

لە رێگەی بۆڕییە شکاوەکەوە ئاو بۆ 70٪ی خەڵکی سلێمانی و قەزا و ناحییەکانی شۆرش، تەکیە، بازیان، گۆپاڵە، پیرەمەگرون و ئەڵڵایی دابین دەکرێت.

لێپرسراوی راگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی ئاوی سلێمانی دەڵێت، ئێستا ئاو گەڕاوەتەوە بۆ سلێمانی و هیچ گرفتێک نییە.