لە داخلیەکی کوڕاندا دەوام دەکەن

بینای باخچەیەکی منداڵان لە قەڵادزێ 12 ساڵە تەواو نەکراوە

+964

محەمەد عەلی ـ پشدەر

لە گەڕەکی فەرمانبەرانی قەڵادزێ بینای باخچەیەکی منداڵان لە 2012وە بەمەستی دروستکردنەوەی رووخێنراوە، تائێستاش بەنیوەناچڵی جێهێڵدراوە، بەڕێوەبەری باخچەکەش دەڵێت، لەوکاتەوە بەبێ بینای باخچەکەمان دەواممان کردووە.

مریەم ئەبوبکر، بەڕێوەبەری باخچەکەیە و ئەمڕۆ چوار شەممە 16.10.2024 بە 964ـی وت، “بینای باخچەکەمان بەهۆی کۆنیەوە مەترسی رووخانی لەسەربوو، بیناکە درزی بردبوو، لە ساڵی 2012 کابینەیان بۆ داناین بیناکەیان رووخاند بە مەبەستی دروستکردنەوەی”.

روونیشیکردەوە، کاریان تێدا کرد تا هەیکەلەکەشیان تەواو کرد، دواتر کارکردن تێیدا وەستا، تا ئێستاش ئاوا ماوەتەوە.

لەو کاتەوە نزیکی 200 قوتابی سنوورەکە بەردەوامیان هەبووە، لە کابینە و شوێنی دیکە دەوامیان کردووە، ئێستاش لە داخلیەکی کوڕاندا جێگایان کردونەتەوە.

964 گرفتەکەیانی بردە بەردەم مەحمود حوسێن، بەڕێوەبەری پەروەردەی پشدەر و ئەویش وتی، “لە 2012 وە بەهۆی نەبوونی بودجەی پێویست کارکردن لەو بینایەدا وەستاوە، لە %40ـی کارەکانی بیناکە تەواو بووە، هەوڵی زۆریشمان داوە تەواو بکرێت بەڵام تائێستاش بڕیارێکی لەوجۆرەمان پێنەدراوە، هەرکاتێک بودجەی پێویست هەبێت دەست بە تەواوکردنی دەکرێت”.

بەقسەی مەحمود حوسێن بێت، مناڵی سێ گەڕەکی قەڵادزێ لەو باڵەخانەی سوودمەند دەبن، سنوورەکە بەرفراوانە و پێویستی بە دوو باڵەخانەی تریشە کە دروست بکرێن لەو ناوچەیە.

لە سنووری قەزای پشدەر، 175 ناوەندی خوێندن بوونی هەیە، کە دابەشبووە بەسەر 115 بینای خوێندن، 14 بینایان هی باخچەی مناڵانن 107 بینا پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە هەیە و حەوت بینا فەرمانی رووخانیان هەیە و پێویستە دروست بکرێنەوە، بەڵام ئێستاش دەوامیان تێدا دەکرێت و مەترسیان لەسەرە.

پێداچوونەوە: هاوبەش

خوێندنی کوردی لە کەرکوک کێشەی کەمی قوتابخانەی هەیە

خوێندنی کوردی لە کەرکوک کێشەی کەمی قوتابخانەی هەیە