رووبەڕووى لێپرسینەوەى یاسایى دەبن
وەزارەتى ناوخۆ لەبارەى هەڵگرتنەوە فلێکس و پۆستەرى کاندیدان هۆشدارى دەدات
964+
وریا فەتاح
بەڕێوەبەرى گشتى دیوانى وەزارەتى ناوخۆ رایدەگەیەنێت، کۆتاییهاتنى کەمپینى بانگەشە بە ماناى لابردن و هەڵگرتنەوەى پۆستەرەکان نایە، بۆیە هەر کەسێک لایان ببات رووبەڕووى لێپێچینەوە دەبێتەوە.
کاتژمێر 12:00ـى شەوى رابردوو، دواى 20 رۆژ، بانگەشەى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کۆتاییهات و هەر دواى ئەوە، بەشێک لە ئاسنفرۆشان و هاوڵاتیان دەستیان کرد بە کۆکردنەوەى ئەو فلێکسانەى بە ئاسن داکوترابوون ئەوەش بە مەبەستى فرۆشتنەوەى ئاسنەکان.
لاى خۆیەوە، هێمن میرانى، بەڕێوەبەرى گشتى دیوانى وەزارەتى ناوخۆى هەرێم لە پەڕەى خۆى لە فەیسبوک نوسیویەتى،”راوەستانی کەمپەینی هەڵبژاردن مانای هەڵگرتنەوەی پۆستەرەکان و بردنی ئاسنەکان نیە، تا رۆژی هەڵبژاردن و تەواوبوونی پرۆسەکە ئەو پۆستەرانە پێویستە بمێنن و دواتر کاندید و کیانە سیاسییەکان بەرپرسیار دەبن لە هەڵگرتنەوەیان”.
جەختیش دەکاتەوە، هەر کەسێک بە ناوی تەواوبوونی کەمپەین و بۆ بردنی ئاسنی پۆستەرەکان، پۆستەر لا ببات رووبەرووی لێپرسینەوەی یاسایی دەبێت و پۆلیس مامەڵەی یاساییان لەگەڵ دەکات.