"ئەمجارە بۆنی ناخۆشە"

وادیارە هاوڵاتیانی کۆیە شانسیان لە برنجی بایەعی نییە

964+

گۆڤەند فەتاح -کۆیە

دوای وەرگرتنی برنجی بایەعی ئەم مانگە، بەشێکی زۆر لە هاوڵاتییان گلەیی ئەوە دەکەن کە برنجەکە بۆنێکی ناخۆشی هەیە و بۆ خواردن نابێت، کۆمپانیای خۆراکیش دەڵێت، برنجەکە ئۆرۆگواییە، بۆیە بۆنی دێت، بەڵام بۆنەکە ئاساییە و بۆ خواردن کێشەی نییە.

سەعدی مەولود دانیشتووی کۆیە بە 964ـی وت، “برنجی ئەمجارە بۆنێکی ناخۆشی لێدێت، نزیکەی 18 کیلۆم لەو برنجە وەرگرتووە، بە ناچاری هەر هەموویم فڕێدا چونکە بەڕاستی بە کەڵکی خواردن نایەت”.

سەبارەت بەو بابەتە دەوەن فوئاد بەڕێوەبەری بنکەی کەلوپەلی خۆراکی کۆیە، بە 964ـی وت، “برنجی ئەم مانگە ئۆرۆگواییە، خۆی بۆنێکی هەیە بەڵام بۆنەکە ئاساییە و هیچ کێشەیەکی نییە، بۆ ئەم بابەتەش ئەمڕۆ سێشەممە 15.10.2024 لیژنەمان نارد بۆ 30 دوکان بۆ پشکنین، دەرچوو برنجەکە لە رووی تەندروستییەوە نە کەڕووی کردووە نە تەڕ بووە، بۆیە هاوڵاتییان دڵنیا دەکەینەوە کە کێشەی نییە”.

“مانگەکانی رابردوو، خەڵک کێشەی نەبوو، چونکە برنجەکە ئەمریکی و هۆڵەندی بوو، هەر مانگەو جۆرێک برنج دێت، بۆ ئەم مانگە ئۆرۆگوایی هاتووە و ئەوەش بۆنی خۆیەتی و لەگەڵ لێنانی بۆنەکەی نامێنێت”، دەوەن فوئاد وای وت.

باسی لەوەشکرد، هەر هاوڵاتییەک برنجەکەی کێشەی تەڕبوون، کەڕوو یان هەر کێشەیەکی هەبێت دەتوانێت سەردانیان بکات.

ئەمە دووەمین جارە برنجی بەشەخۆراک لە کۆیە کێشەی بۆ دروست دەبێت، مانگی رابردووش بە هۆی بوونی وردە ئاسن لە برنجەکەدا هاوڵاتییەکی زۆر گلەییان لێی هەبوو.

پێداچوونەوە: شۆڕش قادری

برنجی تایلەندی بۆ بایەعی هات

برنجی تایلەندی بۆ بایەعی هات

گلەیی لە بۆنی برنجی بایەعی دەکرێت

گلەیی لە بۆنی برنجی بایەعی دەکرێت