زەوی وەردەگرن
فەرمانبەرانی زاخۆ نانیان کەوتە رۆنەوە
964+
شڤان عەبدوڵا – زاخۆ
فەرمانبەرانی زاخۆ نانیان کەوتە رۆنەوە و سبەینێ زەوەی بەسەر نزیکەی چوار هەزار و 750 کەسیان دابەش دەکرێت.
گۆهدار شێخۆ سەرپەرشتیاری ئیدارەی زاخۆ بە 964ـی وت، “بڕیارە سبەینێ چوارشەممە 16.10.2024 لە شارەوانی زاخۆ و بە تیرۆپشک، پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکرێت کە ژمارەیان چوار هەزار و 747 فەرمانبەرە”.
“هەر ئەمەش نا، بەڵکو مژدە بەو فەرمانبەرانەش دەدەین کە هەشت ساڵ خزمەتیان هەیە، لە قۆناغی دووەمدا هەشت هەزار پارچە زەوی بەسەریاندا دابەش دەکرێت”، گۆهدار شێخۆ وای وت.
شوێنی پارچە زەوییەکان دەکەوێتە باشوری قەزای زاخۆ لە گوندی کەڕنێ، ناوچەیەکی دەشتاوییە و رێگە نادرێت هیچ فەرمانبەرێک زەوییەکەی بکات بە خانوو تا ئەو کاتەی خزمەتگوزارییەکان بەشێوەیێکی رێک و پێک جێبەجێ دەکرێن.
پێداچوونەوە: شۆڕش قادری