سەروریشێکی ماندوو
گومانی کوژرانی 10 رۆژی خایاند؛ قائانی لە فڕۆکەخانە دەرکەوت
964+
ئەحمەد مستەفا
ئەو فەرماندەی 10 رۆژە گومانی کوژرانی هەیە لە فڕۆکەخانەی پایتەختی وڵاتەکەی دەرکەوت، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران رێک 10 رۆژە هەواڵی کوژران یان چارەنووس نادیاری بووەتە رۆژەڤ، ناوەندە جیهانییەکان شوێنی کەوتوون.
بەڵام، بە سەر و ریشێکی سپی و تارادەیەک ماندوو، لە رێوڕەسمی پێشوازی لە تەرمی فەرماندەی سوپا عەباس نیلفڕۆشان، کە لە هێرشێکدا لە لوبنان کرایە ئامانج، لە فڕۆکەخانەی مێهرئاباد لە تاران دەرکەوت، دیمەنێکی ڤیدیۆیشی دەریدەخات، قائانی بە کوڵ دەگری، بەڵام برینداربوونی و دەرووندروستی ئەو فەرماندەیە بە فەرمی لێدوانی نوێی لە بارەوە نەدراوە.
رۆژی 5.10.2024، میدیا ئیسرائیلییەکان گومانیان خستە سەر چارەنووسی ئیسماعیل قائانی، شکیان بۆ ئەوە چوو کە لە هێرشێکی ئیسرائیلدا پێکرابێت، ئەوکات کەناڵی 12ـى ئیسرائیل نوسیبووی، گومانەکان جدین، دەسەڵاتدارانی لوبنان دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە لەو زانیاریانەی باس لە برینداربوونی قائانی دەکەن، دەڵێن رەنگە لە بۆردومانێکی ئیسرائیلدا بۆ سەر زاحیەی جنووبی لە بەیروت بریندار بووبێت.
میدیا عەرەبییەکانیش دەیانووت: لە دوای 7ـى ئۆکتۆبەرەوە قائانی سێ جار سەردانی لوبنانی کردووە، هەر سێ جارەکە چاوی بە حەسەن نەسروڵا و فوئاد شوکور کەوتووە، ئەم دووانەش هەردووکیان بە هێرشی ئیسرائیل کوژران.
ئەوە لە کاتێکدا رۆژی 10.10.2024، سەرچاوەیەكی باڵای لایەنی ئێرانی بە سكای نیوزی عەرەبی راگەیاندبوو، ئیسماعیل قائانی بەهۆی دزەكردن بۆ ناو نووسینگەكەی و بوونی گومان لە بەرپرسی نوسینگەكەی بە پێدانی زانیاری بە ئیسرائیل، لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا كراوە و بەم هۆیەشەوە تەندروستی تێكچووە و گواستراوەتە نەخۆشخانە.
ئیسماعیل قائانی ئەکبەر نەژاد، لە 17.8.1966 لە شاری مەشهەد لە دایک بووە و لە ساڵی 2020-ەوە دوای ئەوەی قاسم سولەیمانی، لە هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئەمریکیدا کوژرا، وەک سێیەم فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران دەستنیشان کرا.