چەند كۆگایەك لە سلێمانی سووتان
خاوەن كۆگایەك: ئاگرەكە بەهۆی ئەنجامدانی ئیزوگام هەڵگیرساوە
964+
دیلان محەمەد
ئەو ئاگرەی لە چەند كۆگایەكی ناوچەی پیشەسازیی سلێمانی هەڵگیرساوە، هێشتا كۆنتڕۆڵ نەكراوە، یەكێك لە خاوەن كۆگاكانیش هۆكاری ئاگرەكە ئاشكرا دەكات.
چوار كۆگای گەورە، كە یەكێكیان هی كارگەی ئاوە و یەكێكیشیان كەلوپەلی كارتۆن و نایلۆن و ئەو بابەتانەیە، سووتاون و هێشتا كۆنتڕۆڵ نەكراون.
یەكێك لە خاوەن كۆگاكان، بە 964ی وت، ئەوەی بیستوویانە ئەوەیە ئاگرەكە بەهۆی ئەنجامدانی ئیزوگام سەریهەڵداوە لە كۆگای كارگەكەی ئاوەكە، كە هیچ مەرجێكی سەلامەتی و تەندروستی بۆ كارەكە نەبووە، بۆیە ئاگری گرتووە.
وتیشی، هیچ زیانی گیانی نەبووە و ئەوەی هەیە زیانی ماددییە كە دەگاتە ملیۆن و نیوێك دۆلار.
ئاگرەكە هێشتا كۆنتڕۆڵ نەكراوە و ژمارەیەك لە تیمەكانی بەرگریی شارستانی لەوێن و خەریكی كۆنتڕۆڵكردنین.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا