ژمارەیان 11هەزار خۆبەخشە
خۆبەخشانی تەندروستی گردبوونەوە و داوای دامەزراندن دەکەن
964+
شۆڕش هەرکی – هەولێر
ئەمڕۆ دووشەممە 14.10.2024 نوێنەرانی دەرچووە پزیشکییەکان کە ئێستا خۆبەخشن لە نەخۆشخانەکان لەنزیک ئەنجوومەنی وەزیران لەشاری هەولێر گردبوونەوە و داوای دامەزراندیان کرد.
یادگار قانیع، نوێنەری خۆبەخشانی تەندروستی هەڵەبجە بە 964ـی وت، ”ئێمە 10 ساڵە بەخۆبەخشی لەناوەندەکانی تەندروستی لەسەرتاسەری هەرێم کاردەکەین و داوادەکەین بکرێین بەگرێبەست یان هەمیشەیی، لەپارێزگای هەڵەبجە نزیکەی 300 خۆبەخش لە ناوەندە تەندروستییەکان کاردەکەن”.
عەبدولرەحمان سەلیم، نوێنەری خۆبەخشانی هەولێر بە 964ـی وت، “ساڵێک و هەشت مانگە بەخۆبەخشی کاردەکەم ، بەڵام ماوەی 10ساڵە هیچ خۆبەخشێک دانەمەزراوە، داواکاری ئێمە ئەوەیە وەک مامۆستایانی خۆبەخش بکرێینە گرێبەست، چونکە خۆبەخشە تەندروستییەکان رۆڵێکی بەرچاویان هەبووە لەکاتی نەخۆشی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان”.
یەکێکی دیکە لەداوکارییەکانی ئەو خۆبەخشانە لادانی یاسای خۆبەخشیە بۆ دەرچووانی بەشە پزیشکییەکان لەهەرێمی کوردستان.
پێداچوونەوە: توانا نەقی