لە کەلار گردبوونەوە

خۆبەخشانی تەندروستی گەرمیان داوای دامەزراندن دەکەن

964+

میلاد جەلال – گەرمیان

ئەمڕۆ دووشەممە، نوێنەرانی کارمەندانی خۆبەخشی تەندروستی گەرمیان گردبوونەوە و داوای دامەزراندنیان کرد، کە ژمارەیان زیاتر لە ٣٠٠ خۆبەخش دەبێت، ھەڕەشەی ئەوەدەکەن ئەگەر وەڵام نەدرێنەوە خۆپیشاندان دەستپێدەکەن.

خۆبەخشەکان ماوەی چەند مانگێکە بایکۆتی ناوەندە تەندروستیەکانیان کردووە.

ھاوار جەبار، یەکێک لە نوێنەری خۆبەخشەکانی تەندروستی گەرمیان بە 964ـی وت، “ماوەی 12 ساڵە بەخۆبەخشی دەوام دەکەین، ھەموو ساڵێک داواکاریمان پێشکەشکردووە بۆ دامەزراندن تەنیا بەڵێنمان پێدەدەن، ئەگەر ئەمجارە بەدەم داواکاریەکەمان نەیەن، دەست بەخۆپیشاندان دەکەین”.

بەشی زۆری نەخۆشخانە و مەڵبەندە تەندروستیەکانی گەرمیان بەخۆبەخش بەڕێوەدەچن، ماوەی چەند مانگێکە لەسەرجەم ناوەندە تەندروستیەکانی گەرمیان بایکۆتی دەواممان کردووە، تاوەکو دانەمەزرێین دەستناکەینەوە بە دەوامکردن، ھاوار جەبار وای وت.

ئارام حەسەن، کارمەندی خۆبەخشی نەخۆشخانەی قەڵایە لە کەلار بە 964ـی وت،”گەرمیان لانکەی شەھید و ئەنفالە لەبری ئەوەی گرنگی پێبدەن، کەچی لەدوای ھەموو شارەکانیترەوەیە، لە زۆربەی شارەکان دامەزراندن بۆ تەندروستی ھەبووە، تەنیا لە گەرمیان نەبێت ماوەی 12 ساڵە، یەک کارمەند دانەمەزراوە”

پێداچوونەوە: توانا نەقی

خۆبەخشەکانی گەرمیان: بایکۆتی ناوەندە تەندروستییەکان پ...

خۆبەخشەکانی گەرمیان: بایکۆتی ناوەندە تەندروستییەکان پەیامە بۆ دامەزراندنمان