کەمتر لە دوو هەفتەی ماوە
زیاتر لە دوو هەزار ماڵی خورماتوو پڕۆسەی سەرژمێرییان پێنەگەیشتووە
964+
سیروان خورشید – دوزخوماتوو
ماوەی زیاتر لەمانگێکە رێکارەکانی سەرژمێری بەشێوەی ئەزمونی لە خورماتوو دەستی پێکردووە، ئەگەر چی کەمتر لەدوو هەفتەی ماوە کۆتایی بەپڕۆسەکە بێت، بەڵام تائێستا بەشێک لە گەڕەکەکانی قەزاکە پڕۆسەکەیان پێ نەگەیشتووە، ئەمەش بووەتە جێگەی نیگەرانی لای دانشتوانی قەزاکە.
عومەر مەدحەت، بەرپرسی بەشی سەرژمێری گەڕەکە کوردیەکان لە خورماتوو بە 964ـی وت، “ئەوان بە سێ بازنە لەهەر سێ نەتەوەکە دابەشکراونەتە سەر گەڕەکەکانی قەزاکە، بەپێی پلانی لیژنەی سەرژمێری، 24 یاریدەدریان بۆ قەزاکە دیاری کردووە، کە شەش کەسیان تایبەت بۆ ناحیەو گوندەکان تەرخانکراون و 18کەسیان بۆ ناو سەنتەری قەزاکە، بەو پێیەی کە هەر شەش ئەندامێک لەنەتەوەیەک پێک هاتوون و هەر تیمێک گەڕەکی دیاریکراوی خۆیان لەئەستۆ گرتووە.
وتیشی، ئەو رێژەیەی دیاریکراوە بۆئەوان بەزیادەوە تەواویان کردووە و بەپرسانی بەشی سەرژمێری رێگەیان پێ نادەن لەوە زیاتر گەڕەک و ماڵی تر بگرنە ئەستۆ ، بەپێی داڕشتنەکە بێت ئەوانەی کە رێژەی گەڕەک و ماڵیان کەمتر لەئەستۆ بووە، دەبێت ئەوان بێن و ئەو شوێنانەی کەماونەتەوە بیگرنە ئەستۆ، ئەگەر چی هێشتا لەسنوری گەڕەکە کوردیەکان، زیاتر لە دوو هەزار ماڵ ماوون سەرژمێری بکرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە 25.10.2024 کۆتایی بەپڕۆسەکە دێت و ئەگەر لەماوەی ئەم چەند رۆژەی کەماوە چارەسەری کێشەی ئەو ماڵانە نەکرێت، ئەوە مەترسی لەسەر شوناسی نەتەوەیی و کوردی شارەکە دروست دەکات و لەم شارەدا کورد وەکو کەمینەی لێدێت.
964 پەیوەندی بە عەلی فاروق، بەرپرسی گشتی بەشی سەرژمێریەوە کردو وتی، ئەوان لەئێستادا سەرقاڵی چارەسەرکردنی ئەو شوێنانەن کە تائێستا پڕۆسەی سەرژمێریەکەیان پێنەگەشتووە.
وتیشی، هۆکاری دواکەوتنی پڕۆسەکە بەهۆی کەمی ئەندام و یاریدەدەر بووە، بەو پێیەی قەزاکە گەورەیە و ئەندامی کەمیان بۆ دیارکردووه، ئێستا هەوڵەکانیان خستووەتە گەڕ تاوەبتوانن لەماوەی ئەم 10رۆژەی ماوەتەوە، تەواوی ئەو ماڵانەی کە بێ بەش بوون تەواوی بکەن.
ژمارەی دانیشتوانی خورماتوو زیاتر لە 210 هەزار كەسەو لەسێ نەتەوە پێکدێن و زۆرینەی دانیشتوانی قەزاکە لە نەتەوەی کورد پێکدێت، بەجۆرێک %40ـی کورد و %35ـی تورکمان و %25ـی لەنەتەوەی عەرەبە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی