سبەی 39 خێزانی ئاوارە دەگەڕێنەوە شنگال

964+
عەمار عەزیز – دهۆك

بڕیارە سبه‌ی سێشەممە 31ی کانوونی دووەم، کاروانێکی دیکەی ئاوارەکانی شنگال دوای زیاتر لە هەشت ساڵ لە ژیانی ئاوارەیی بگەرێنەوە زێدی خۆیان، ئەمە لە کاتێکدایە لەماوەی هەشت ساڵدا تەنیا لەسەدا 30ی ئاوارەکانی دهۆک گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان.

دیان جەعفەر بەرپرسی فەرمانگەی کۆچ و کۆچبەران و وڵامدانەوەی قەیرانەکان سەر بە حکومەتی هەرێم، کە سەرپەرشتی هەموو کەمپەکانی پارێزگای دهۆک دەکەن، بە تۆڕی 964ی وت، “سبەی 39 خێزانی ئێزدی لە کەمپی ببێرسیف یەک، دوای زیاتر لە هەشت ساڵ لە ژیانی ئاوارەیی دەگەڕێنەوە ناحیەی گرعوزێر لە سنووری قەزای شنگال، گەڕانەوەی ئەو خێزانانە بە رازیبوونی وەزارەتی ناوخۆ و بە هەماهەنگی و هاوکاری رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی IOM بووە”.

 وتیشی، “لە ساڵی 2021 رێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی بەرنامەیەکی تایبەتیان دانا بۆ هاوکاریکردنی ئەو خێزانانەی، کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، بەرنامەکەیان لە دوو کەمپ دەستپێکردووە، سبەی کاروانی یەکەم، کە ژمارەیان 39 خێزانە دەگەڕێنەوە زێدی خۆیان”.

ئاماژەی بەوەش کرد، کرێی گواستنەوەی کەلوپەلەکانیان رێکخراوی IOM دابینی ده‌كات، هەروەها خانووەکانی ئەو 39 خێزانە نۆژەن دەکاتەوە لەگەڵ دابینکردنی هەلی کار بۆ ئەو خێزانانە، تا بتوانن بەردەوامی بە ژیانی خۆیان بدەن.

تۆڕی 964 دەزانێت سەرجەم ئەو خێزانە ئاوارانەی لە کەمپەکانن، یان لە دەره‌وەی کەمپەکانن، بە ئارەزووی خۆیانە کە دەگەڕینەوە یان دەمێننەوە.

ئاوارەکانی ناو کەمپ لە سنووری پارێزگای دهۆک 26 هەزار و 963   خێزانن، لە 15 کەمپدا دەژین، ئاوارەکانی دەرەوەی کەمپیش 38 هەزار و 225 خێزانن، کۆی گشتی دەبن بە 65 هەزار و 188 خێزان، تا ئێستا لە %30 ئاوارەکان گەڕاونەتەوە شنگال و ئەوەی ماوەتەوە لە دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆدا دەژین.