"لە ئەمڕۆوە بەردەوام دەستپێدەکات"
شارەوانی خورماتوو هەڵمەتی ناشتنی نەمامی راگەیاند
+964
سیروان خورماتوو – دوزخورماتوو
شارەوانی خورماتوو هەڵمەتی ناشتنی نەمامی راگەیاند و ژمارەیەک گەنجی قەزاکەش، شانبەشانی شارەوانی قەزاکە خۆبەخشانە بەشدارن لە هەڵمەتەکەدا.
مەرعی رەشید، بەڕێوەبەری شارەوانی خورماتوو بە964ـی وت، هەڵمەتەکە بۆ زیاتر سەوزکردنی قەزای خورماتووە و داوا لە فەرمانگە و قوتابخانە و دامەزراوەکان دەکات رووبەرە سەوزنەکراوەکانیان بە ناشتنی دار و نەمام سەوز بکەن، داواش لە هاوڵاتیان و هەرکەسێکی دیکە دەکەن لە هەڵمەتەکە بەشدار بێت و هاوکاربن بۆ زیاتر سەوزکردنی شارەکەو بەو پێیەی هەڵمەتەکە بەردەوامی دەبێت.
وتیشی، “وەک شارەوانی بە پێی پێویست و توانا دار و نەمام بۆ هەر فەرمانگە و قوتابخانە و دامەرزراوەیەک دابین دەکەین کە داوای بکەن و سەوزایی پێ دروست بکەن، جۆری دارەکانیش لەئێستادا دوو جۆڕن بەناوەکانی، ئەلبیزا و ئەکاسیا”.
نەجم هادی، سەرپەرشتیاری گەنجانی خۆبەخش بە 964ـی وت، ئەوان خۆبەخشانە بەژداردەبن لە هەمو کارێک کە خزمەت بەقەزاکەیان بکات و دەشڵێت لەم هەڵمەتەشدا، رۆژانە لە بەیانیەوە تاکو ئێوارە، لەنیو شەقام و شۆێنەگشتیەکانی قەزاکەدا سەرقاڵی چاندنی نەمام دەبن لەپێناو سەوزکردن و دەرخستنی سیمای جوانی شارەکە”.
قەزای خورماتوو ساڵانێکە لەرویی سەوزاییەوە بەتەواوی پشت گوێ خراوە، شارەوانی قەزاکەش بڕیاری داوە، لەمەوبەدوا گرنگی زیاتریان بۆ زیادکردنی رێژەیی سەوزایی بێت، لەسنوری قەزاکەدا.
پێداچوونەوە: هاوبەش