دوو برا بە ئۆتۆمبێلێکی سوور 14 دزییان کردووە

964+
توانا نەقی – هه‌ولێر

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر دوو کەسیان دەستگیر کردووە، کە برای یەکن و 14 دزیی جۆراوجۆریان کردووە، ئەو کەرەستانەشی کە دزیویانە بایی 15 هه‌زار دۆلار بووە.

هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر لە کۆنفڕانسێکی رۆژنامەوانیدا ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 30ـی كانوونی دووه‌م رایگەیاند، دوای ئاگه‌داركردنه‌وه‌یان به‌وه‌ی لە چەند گەڕەکێک بەردەوام دزیی ده‌كرێت، هێزەکانیان توانیویانە دوو تۆمەتبار دەستگیر بکەن.

وتیشی، تۆمەتبارەکان برای یەکن و تەمەنیان 40 و 35 ساڵە، دزییەکانیان لە گەڕەکەکانی سەربەستی، هەولێری نوێ، سێتاقان، پێنجی حەسارۆک، سێبەردان و بەختیاری  بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری پیکئابی رەنگ سوور كردووه‌.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا، دزه‌كان کێبڵی کارەبا، کەرەستەی بیناسازی لە ناو خانووی هەیكەل و هەروەها مۆلیدەیەک، کە نرخەکەی سێ هەزار دۆلار بووە، دزیوه‌، نرخی سەرجەمی ئه‌و شتانەشی دزیویانه‌  دەگاتە 15 هەزار دۆلار.

تۆمەتبارەکان بە پێی مادەی 442 لە یاسای سزادانی عێراقی دەستگیر کراوان و رێرەوی یاساییان بەرامبەر دەگیرێتەبەر.