لە پۆلی یەک تا شەشی بنەڕەتی لە خۆ دەگرێت

گوندەکانی مڕە و دەروینە بوون بە خاوەنی قوتابخانەیەکی بنەڕەتی

+964

ژێوار خدر

دوای راپەڕین بەشێک لە گوندەکانی سنووری قەزای پشدەر، بەرەو چۆڵ بوون چوون، ئەمەش وایکرد رێژەی پێویستی قوتابیان نەبێت و قوتابخانەکان دابخرێن، ئێستا دوای نزیکەی 30 ساڵ خەریکە گوندەکان ئاوەدان دەبنە و رێژەی دانیشتوانیان زیاد دەکات، گوندی مڕە و دەروینەش یەکێکن لەو گوندانەی کە دانیشتوانەکانیان زیادی کردووەتەوە و گەیشتووەتە ئاستێک کە قوتابخانەی خۆیانیان هەبێت.

موحسین حسێن، بەڕێوەبەری ناحیەی هێرۆ بە 964ـی وت، دوای ئەوەی زانیمان رێژەی قوتابیانی گوندەکە زیادی کردووە و گەیشتووەتە ئاستێک کە دەتواندرێ قوتابخانەیەکییان بۆ بکرێتەوە، داوامان لە پەروەردەی قەڵادزێ کرد بۆ ئەوەی رەزامەندی بدەن لەسەر کردنەوەی قوتابخانەکە و ئەوانیش رازی بوون و بڕیارماندا ئەمساڵ قوتابخانەکە بکەینەوە.

وتیشی، قوتابخانەکە بنەڕەتییە و کەوتووەتە گوندی مڕێ، لە شەش پۆل پێک هاتووە، پۆلەکانی یەک تا شەشی بنەڕەتی تێیدا وانە دەخوێنن و رێژەی قوتابییەکانیشی بۆ سەرجەم پۆلەکان نزیکەی 20 قوتابییە.

روونیشیکردەوە، پێشتر قوتابییانی هەردوو گوندەکە پێویست بوو بڕۆنە گوندی بێشیر و لەوێ خوێندن بکەن، کە نزیکەی چوار بۆ پێنج کیلۆمەتر لێیانەوە دوور بوو، ئەمەش هەم کات و هەمیش مەسرەفێکی زۆری لێ دەبردن و ئاسان نەبوو بۆیان.

ئاماژەی بەوەشدا، سێ کابینە بۆ قوتابخانەکە دابین کراوە و ئامادەیە بۆ ئەوەی قوتابییەکان وانەی تێدا بخوێنن.

گوندی مڕە و دەروینە کەوتونەتە ناحیەی هێرۆی قەزای پشدەر و بە هەردووکیان نزیکەی 30 ماڵ لێی نیشتەجێن.

کانیەکەی هێرۆ لە حەمامی کەمە

کانیەکەی هێرۆ لە حەمامی کەمە