"ساڵانه تێكده‌چێت و كه‌ڵكى نه‌ماوه".
ئه‌مساڵ مام خدر له‌جیاتى شاره‌وانى پرده‌كه‌ى گوندى پشتئاشانى دروستكرده‌وه
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
ساڵانه پرده‌كه‌ى گوندى پشتئاشان له بنارى قه‌ندیل به‌هۆى كۆنبوون و بارانى زستان تێكده‌چێت و چاكده‌كرێته‌وه، به‌ڵام ئه‌مساڵ هاوڵاتییه‌كی گونده‌كه له‌سه‌ر ئه‌ركى پرده‌كه‌ى چاككردووه‌ته‌وه.
پرده‌كه، به‌ته‌نیا رێڕه‌وێكه كه گوندى پشتئاشان به گونده‌كانى چوارده‌ورى لە بناری قەندیل ده‌به‌ستێته‌وه، له دار و ئاسان دروستكراوه و به‌شێوه‌یه‌كی به‌رده‌وامیش ئاوێكی زۆرى به‌ژێردرا ده‌ڕوات.
زۆربه‌ى جار پرده‌كه له‌لایه‌ن هاوڵاتیانى گونده‌كه چاككراوه‌ته‌وه و جارجاره‌ش شاره‌وانى بنارى قه‌ندیل ئه‌ركی چاككردنه‌وه‌ى گرتووه‌ته ئه‌ستۆ.
له سۆشیاڵ میدیاى گونده‌كه بڵاوكراوه‌ته‌وه كه بۆ ئه‌مساڵ هاوڵاتى ئەحمەد خدر دانیشتووى گونده‌كه، لەسەر ئەرکی خۆی له نوێوه پرده‌كه‌ى دروستکردووه‌ته‌وه.
پێشتر، دڵشێر ئیبراهیم هاوسه‌رۆكى شاره‌وانی بنارى قه‌ندیل بۆ 964 باسی كردبوو كه پرده‌كه‌ى پشتئاشان زۆر هیلاك و ماندوو بووه و چه‌ند جارێكیش نۆژه‌نیان كردووه‌ته‌وه.
وتیشی، له‌سه‌رەتاى ئه‌مساڵه‌وه سێ جار له‌رێگه‌ى ئامێره‌كانیانه‌وه چاكیان كردووه‌ته‌وه به‌ڵام بێسووده و به‌هۆى بارانبارین و ئاوی زۆره‌وه دیسان تێكده‌چێته‌وه.
ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد پێشتر به نووسراوى فه‌رمى ئیداره‌ى پشده‌ریان له‌و كێشه‌یه ئاگادار كردووه‌ته‌وه و داوایان كردووه پردى ئاسنیان بۆ دابین بكه‌ن، به‌ڵام ده‌ڵێت “تا ئێستاش وه‌ڵامیان نه‌بووه”.